تاوانبار زیندانی دەكرێت
ترەمپ یاسایەك پەسەند دەكات بۆ قەدەغەكردنی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سێكسی
964+
محەمەد فاتیح
بۆ بەرگرتن لەو تاوانانەی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە رۆژانە ئەنجام دەدرێت و هەرێمی كوردستانیشی لێ بەدەر نییە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یاسای “Take It Down”ی واژۆکرد، کە یەکەم یاسای فیدراڵی گشتگیرە و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی بە تاوان دەزانێت بەبێ رەزامەندی قوربانییەكە.
دكتۆر موهەنەد حەبیب سەماوی سەرپەرشتیاری گشتی سەنتەری میدیای دیجیتاڵی لە عێراق باسی لە زانیارییەكانی ئەم هەواڵە بۆ 964 كرد و لەم خاڵانەی خوارەوە كۆیكردنەوە.
وردەكاریەكانی یاساكە:
-یاساکە سزای هەر کەسێک دەدات کە ناوەڕۆکی سێکسی (وێنە یان ڤیدیۆ) بڵاوبکاتەوە، ئەگەر ڕاستەقینە بێت یان ساختە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، بەبێ مۆڵەتی کەسی پەیوەندیدار.
سزاکان بریتین لە زیندانیکردن و پێ بژاردن و ناچاركردنی تاوانبار بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکە لە رووی داراییەوە.
-یاساكە تەنها بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو ئەگەر تەنها هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ناوەڕۆکەش بكرێت هەڕشەكەر سزا دەدات.
-یاساکە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ماڵپەڕەکان ناچار دەكات لە ماوەی 48 کاتژمێردا لە دوای ئەوەی قوربانییەكە ئاگاداریان دەكاتەوە ناوەڕۆکەکە لاببەن.
-یاساکە بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەندکرا (409 دەنگ بەرامبەر 2).
-ئەم یاسایە یەکەم یاسای فیدراڵی گشتگیرە بۆ ڕێکخستن و چارەسەرکردنی تاوانەکانی هەراسانكردنی سێکسی لە رێگە ئەلیكترۆنییەكانەوە.
-ئامانجی یاساکە کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەروونییە زەبربەخشەکانی هەراسانكردنی دیجیتاڵی و پتەوكردنی پاراستنی قوربانییەکانە، بەتایبەتی ئەوانەی لە تەمەنێکی هەستیاردان.
لە كۆتایی قسەكانیدا دكتۆر موهەنەد حەبیب سەماوی دەڵێت، “یاسای ( Take It Down ) هەنگاوێکی یاسایی پێشەنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو تاوانە ئەخلاقیانەی کە پەیوەندییان بە خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکردەوە هەیە و ئەمە سەرەتایەکی پێویستە بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارە دیجیتاڵییە، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی نهێنی دیجیتاڵی لە دەستکاریکردن و ئیستغلالکردن.