سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ _ وێنە: 964
"کەس گوناحی کەس هەڵناگرێ"
کەسوکاری ژنەکەی زاخۆ سکاڵایان تۆمارکرد و دەڵێن خزم خزمێنە قبوڵناکەن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
گیان لەدەستدانی ژنە تەمەن 38 ساڵەکەی زاخۆ کەخوێنی هەڵەی بۆ دانرابوو، گەشت بە تۆمارکردنی سکاڵا و ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025، کەسوکاری سکاڵایان لەسەر نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ تۆمارکرد و داوای دەکەن ئەم هەنگاوەیان بە بەرگری لە مافی نەخۆش لێک بدرێتەوە و دەستوەردان نەکرێ.
لەزاخۆ رۆژی 1.5.2025، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون، ژنێک بەناوی “شیلان عوسمان” رۆشتبووە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ، بەڵام لەکاتی چارەسەری پزیشکی لەبری خوێنی +B، تیمی پزیشکی خوێنی +A یان بۆ دانا، ئەوەش بەهۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی ئەو ژنە دەهێنرێتەوە، کە پاش 17 رۆژ مانەوەی بە دۆخێکی ناجێگیر، گیانی لەدەستدا.
حەجی یاسین گوللی، بەناوی بنەماڵە ژنەکەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، ئەو دەڵێت، وەک بنەماڵەی ژنەکە ئەو هەڵەیە بەتاوان دەزانن بۆیە سکاڵای یاساییان لەسەر، “نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ” سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی زاخۆ تۆمارکرد، وە داوا لە هەرسێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سەرۆک وەزیران دەکەن، بەدوای ئەو دۆسییەدا بچێت و خۆیان بەخاوەنی بزانن.
ئەوان نوسیوویانە، مەبەستمان لەم بەیاننامەیە دەربڕینی رق و کینە نیە و تەنیا مەبەستمان گەیشتنی کەمتەرخەمەکان بەسزای یاسایی خۆیان و رێکخستنی کەرتی تەندروستی یە، لە شەش خاڵیشدا نیەتی خۆیان زیاتر روون کردووەتەوە و داوا دەکەن، ژنەکە، وەک شەهیدی کەرتی تەندروستی قبوڵ بکرێ و ئەوەشیان وتووە، بەهیچ شێوەیەک ئەنجامی بەلارێدابراو قبوڵناکەن کە لەژێر هەر دەستێوەردانێکی خزم خزمێنە و کەس کەسێنە بکرێ.
تائێستا بە فەڕمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکاری خۆی بۆ ئەو داوایە روون نەکردووەتەوە، تەنیا قسەوباس هەیە بەبڕیاری دادگای زاخۆ پزیشکێک و دوو کارمەندی نەخۆشخانەکە دەستگیرکرابن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
دەقی بەیاننامەکە؛
ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانی کەرتی تەندروستی خوا لێخوشبوو ( شیلان ئیسماعیل عەلی – بەهنونەیی / گوللی ) کەلەرێکەوتی 1.5.2025 لەنێوان کاتژمێر نۆ بۆ 10ـی شەو سەرەدانمان کرد بۆ نەخوشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ بەمەبەستی منداڵبوون، دواتر پزیشکانی نەخوشخانەکە بڕیاریاندا نشتەرگەری ئەنجامبدەن، و لەئەنجامیدا جورێکی خوێنی پێچەوانەی خوێنی خوالێخوشبوو بەنەخوشەکەماندا کە خوێنەکەی جوری +B بوو ئەوان +A پێیاندا، بەداخەوە ئەمە بووە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیەکەی و دواتر کێبرکێ لەگەل ژین و مردن کرد و پاشان دوای 17 روژ لەهەڵەکە گیانی لەدەستدا.
ئێمە وەک بنەماڵەی خوالێخوشبوو ئەم هەڵەیە بەتاوان دەزانین بۆیە سکاڵای یاساییمان لەسەر ( نەخوشخانەی ژنان و منداڵبوون ) سەر بە ( بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی زاخۆ ) تۆمارکرد، وە داوا لەهەرسێ سەرۆکاتی کوردستان بەتایبەت جەنابی سەرۆک وەزیران دەکەین بەدوای ئەم دوسیەدا بچن و خۆیان بەخاوەن بزانن، مەبەستمان لەم بەیاننامەیە دەربڕینی رق و کینە نیە و تەنیا مەبەستمان گەیشتنی کەمتەرخەمەکان بەسزای یاسایی خۆیان و رێکخستنی کەرتی تەندروستی یە، وە مەبەستی سەرەکی لەسکاڵاکەمان ئەم خاڵانەی لەخوارەوەن؛
یەکەم/ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی رێکخستنی کەرتی تەندروستی.
دووەم/ لیژنەیەکی تایبەتی تایبەتمەند پێکبهێنڕێت کە هەر یەک لە ( داواکاری گشتی، دادگا، نوێنەرانی تەندروستی، نوێنەرانی ئەمنی ) لەخۆی بگرێت و ئەنجامی راستەقینەی ئەم دوسەیە بەبێ دەستکاری و واستەکاری دیاربکرێن.
سێیەم/ لەبەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بەستافی خۆیانەوە کەمتەرخەم بوون لەم دوسیەدا، داوا دەکەین چاودێریەکی وردی بەردەوام لەسەر کەرتی تەندروستی بەگشتی و نەخوشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ بەتایبەتی بکرێت.
چوارەم/ پێویستە قوربانی ناوبڕاو ببێتە ( شەهیدی کەرتی تەندروستی ) و سۆمبولێک لەناو نەخوشخانەکەدا بۆ ئەوەی هیچ شیلانێکی تر دووبارە نەبێت.
پێنجەم/ پێویستە ژیانی منداڵەکانی شیلان گەڕەنتی بکرێت و ئەم سیستەمە بەیاسایی بکرێت و پەرلەمان یادایرکی تایبەت بەم دوسەیە دەربکرێت.
شەشەم/ بەهیچ شێوەیەک ئەنجامی بەلارێدابراو قبوڵناکەین کەلەژێر هەر دەستێوەردانێکی خزم خزمێنە و کەس کەسێنە، لەم حالەتەدا رێکاری یادایی خۆمان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی راستەقینەی ئەم دوسیە.
لەکوتایی دا دەمانەوێت سۆپاسی هەموو هاوخەمی خەلک و دەزگا میدیایەکان بکەین ئەوانەی خۆیان بەخاوەنی دوسیەکەمان زانی و بەردەوام لەگەل ئێمەبوون.
خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت( ولاتزر وازرة وزر اخری ) واتە کەس گوناهی کەس هەڵناگرێت، وەکو دلسوزیێک سۆپاسی ستافی نەخوشخانەی گشتی زاخۆ بەشی چاودێری چڕ دەکەین کە بەدرێژایی تێکچوونی باری تەندروستی شیلان هیچ درێغێکیان نەکرد.
حەجی یاسین گوللی/ لەپێش بنەمالەی خوالێخوشبووەوە.
21.5.2025