دیمەنی پەڕێنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز
ئەمساڵ 14 کۆچبەر لەو رێگایە گیانیان لەدەستداوە
بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت؛ ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا
964+
شۆڕش قادری
لە نۆکەندی ئینگلیز و لە رێگای گەیشتن بە بەریتانیا، بەلەمێک ژێرئاو کەوت و ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا.
ماردین حەمید بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە 964ـی وت، ” شەوی رابردوو لە کەناراوەکانی شاری کالێ لە باکوری فەرەنسا، لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز، بەلەمێکی کۆچبەران کە نزیکەی 85 کەسی هەڵگرتبوو، وەرگەڕا و ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا”.
“تەرمی ئەو ژن و منداڵە دۆزراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە”، ماردین حەمید وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی دەزگای لوتکەدایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 14 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز و لەرێگای گەیشتن بە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە.