دوو رۆژە شکانی بۆری ئیفراز سێ بێ ئاوی کردوون
72 کاتژمێری دیکە ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی لە هەولێر بێ ئاو بوون
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر، بێ ئاو بوون، بەمزووانە بەتەمای ئاو مەبەن، 72 کاتژمێری دیکە ئاوتان پێدەگات.
بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر چاککرایەوە
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 19.5.2025 بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە نزیك گوندی دارەبەن شکێنرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025 بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاند، دوای هەوڵ و ماندووبوونەکی زۆرلەلایەن تیمی چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو، بۆریەکە چاککراوەتەوە و وێستگەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە.
رابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە 964ـی وت، “هەرچەندە لە ئێستادا ئاو بەردراوەتەوە و درەنگانی ئەمشەو هەندێک لە گەڕەکەکان ئاویان پێدەگات، بەڵام تا 72 کاتژمێر دیکە ئاو دەگاتەوە هەموو ئەو گەڕەکانەی کە لە دوو رۆژی رابردوودا بێ ئاو بوون”.
ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو بوون، ئەمانەن؛
هەولێری نوێ، فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆکان، مامۆستایان، قەڵاتی نوێ، هاوکاری، شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەڤاڵان، باداوە، 94ـی باداوە، زانکۆ، گەڕەکەکانی ناو شەقامی 60 مەتری و هەموو گەڕەکەکانی نێوان جادەی شۆڕش و جادەی کەرکوک.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری