کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنە - وێنە؛ پارێزگای هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
“با بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئێران سەرمایەگوزاری هاوبەش بکەن”
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە بازرگانانی هەرێم دەکات لەگەڵ بازرگانانی وڵاتەکەی سەرمایەگوزاری هاوبەش بکەن و ئەوانیش پشتیوانیان دەبن.
دوو رۆژە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێم و سەرۆکی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و بەڕێوەبەری دەروازە هاوسنورییەکان لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت و سەید رەسول موهاجر جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئابووریش لەوێیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامادەیە پشتیوانی لە بازرگانانی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بکات
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، موهاجر لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامادەیە پشتیوانی لە بازرگانانی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بکات و پێویستە سەرمایەگوزاری هاوبەش ئەنجام بدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارکردنی بازرگانانی ئێرانیان سنووردار کردووە و بەربەستیان بۆ دروستکردوون، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن، ئەو بەربەستانە لابەرن.
دوێنێ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێم و رۆژهەڵات چوونە سنە و لەلایەن پارێزگار و خەڵکی شارەکەوە پێشوازییەکی گەرموگوڕیان لێکرا.