پاشه‌ڕۆی قرتێنه‌ریشی لێ بیندراوه
له سلێمانى نۆرینگه‌یه‌ك داخرا ده‌رمانی نایاسایی لێ‌بوو
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نۆرینگه‌یه‌كیان داخستووه چونكه جگه له ده‌رمانى نایاسایی، پاشه‌ڕۆی قرتێنه‌ریشی لێبووه.
لیژنه هاوبه‌شه‌كانى قایمقامییه‌ت دواى سه‌ردانیان بۆ نۆرینگه‌كه له شه‌قامی سه‌ره‌كی كانی با، بۆیان ده‌ركه‌وت كه به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و نه‌شیاوی شوێنه‌كه بۆ ده‌رمان، نۆرینگه‌كه‌یان داخست و له‌به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌كه‌شیی رێكارى یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر.
د. كاردۆ وه‌هبی، نوێنه‌ری ته‌ندروستی له لیژنه هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند، ئه‌م نۆرینگه‌یه هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه، ده‌رمانی زۆری تێدایه كه نابێت له‌م شوێنانه بفرۆشرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێنی هه‌ڵگرتنی ده‌رمانه‌كان زۆر گه‌رمه و پاشه‌ڕۆی قرتێنه‌ری تێدایه، بۆیه به‌هیچ جۆرێك رێگه‌پێدراو نییه ئه‌و ده‌رمانانه بدرێن به نه‌خۆش، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌م ده‌رمانانه نایاسایی و قه‌ده‌غه‌كراون.
لایخۆشییه‌وه، گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ده‌رمانه‌كان جیاده‌كرێنه‌وه و ئه‌و به‌شه‌ی كه خراپ بووه یاخود له بنه‌ڕه‌تدا نایاسایین به‌شێوه‌ی یاسایی و ته‌ندروستی له‌ناوده‌برێن.