گردبوونەوەی كاسبكارانی كەركوک

“پێش هەڵبژاردن بەڵێنیان پێداین لە شوێنی خۆماندا بمێنینەوە”

964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک

ئەمڕۆ سێشەممە20.5.2025  کاسبکارانی سەر پردەکەی نزیک قەڵای کەرکوک بەهۆی لادانی مێز و عەرەبانەکانیان گردبونەوە، ئەوان داوا دەکەن بیانگەرێنەوە شوێنەکانی خۆیان کە ماوەی هەفتەیەکە لادراون.

فەرمان عوسمان خاوەن مێزە لەسەر پردەکە بە964ـی وت، ماوەی هەفتەیەک دەبێت بەسەرپەرشتی قایمقامی کەرکوک لادراین، پاشان ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک سەردانی کرد وتی دەتانگەرێنینەوە شوێنی خۆتان تاکو دوای جەژن ، بەڵام ئێستا جێ بەجێ نەکراوە، بازاریمان بۆ جەژن کردوە بڕێکی زۆر پارە قەرزارین ، زۆربەمان خاوەن بروانامەین بەهۆی دانەمەزراندنەوە کار دەکەین لێرە ، ژمارەی کاسبکاران نزیکەی 400 کاسبکار دەبێت لەسەر پردەکە.
محەمەد عیماد بە 964ـی وت، راستە بە ئێمە دەڵێن زیادەرۆن ، بەڵام لە هەمو دنیا بازار هەیە لەسەر مێز شتومەک بفرۆشێت، کاسبکارانی شەقامی پزیشکانیان لادا بەڵام دوای دوو رۆژ گەڕێنرانەوە شوێنی خۆیان، دواتر سەر پردەکە شوێنێکی ستراتیژیە هەریەک لە بازاڕی خان خورما و جووت قاوە و بازاری ئەتڵەس بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

وتیشی، پێشتر بەهۆی ئەوەی کەسانێک پشتگیریان هەیە لەسەر شەقامەکە کەپریان کردووە و کاشی وسەقفیان بۆی کردوە.

ئەو كاسبكارە هەروەها دەڵێت، پێش هەڵبژاردن بەڵێنیان پێداون لە شوێنەكەی خۆیان بیانهێڵنەوە، بەڵام ئێستا دەریانكردوون.

قایمقامی کەرکوک بەرپرسی یەکەمی رێکخستنی ناو شار و بەرپرسە لە لادانی زیادەڕۆکان، 964 چەند جارێک پەیوەندی پێوەکرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە تیمی لیژنەی لادانی زیادەڕۆکان بە 964ـی وت، “هاوڵاتیان چەندین جار سکاڵایان کردووە بەهۆی قەرەباڵغی ئەو بازاڕەوە ،لەلایەن کەسانی دیکەشەوە دزیان لێکراوە و گێچەڵ بە ژنان کراوە، سەرباری ئەوانەش هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ببێت، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بە نیو کاتژمێر ناگاتە شوێنی مەبەست بەهۆی قەرەباڵغیی بازاڕی سەر پردەكە”.

كاسبكارانی بازاڕی پردەكەی بەرامبەر قەڵای كەركوک، داوا دەكەن بگەڕێنەوە شوێنەكەیان، چونكە كەلوپەلیان زۆر كڕیوە و كاتەكەشی بەرەو جەژنە، دەیانەوێت كەلوپەلەكانیان ساغ بكەنەوە و تووشی زیان نەبن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

هەڵمەتێكی گەورەی پاكردنەوە بۆ خاسەی كەركوك ئەنجامدرا

هەڵمەتێكی گەورەی پاكردنەوە بۆ خاسەی كەركوك ئەنجامدرا