خەڵکی روویان لە بۆنی فەل کردووە

میدیازان – رێژوان مامە – سلێمانی  هاوکار گەنجێکی شاری سلێمانییە کە هەر لە منداڵییەوە حەزێکی زۆری هەبووە بۆ بۆنی خۆش بەو هۆیەوە دوکانێکی بۆنی تێکراوەی داناوە و بۆ ماوەی ۲٠ ساڵە ئەم کارە دەکات.  ئەو بە میدیازانی راگەیاند، بۆنی زۆریان هەیە و چەندیان بوێت تێکەڵی دەکەن و بۆنی نوێی لێ دروست دەکەن.  لە کۆنەوە فەڕەنسییەکان ئەو ئیشەیان کردووە، چەند بۆنێکیان هێناوە و تێکەڵی یەکتریان کردووە و بۆنی جیاوازیان لێ دروستکردووە.  دەشڵێت بۆن ئەکرێت بە سێ بەشەوە، هەندێک بۆ جوانکاری و بۆنی لەش بەکاردێت، بۆنیش هەیە لە پیشەسازی بەکاردێت، بۆنی سروشتیش هەیە بۆ بابەتە خۆراکییەکان بەکاردێت.  هاوکار باس لەوە دەکات، ئەوان لە چەند وڵاتێکی جیاوازی وەک فەڕەنسا و سویسرا و ئیماڕاتەوە بۆنیان بۆ دێت، بەڵام بە گشتی سەدا ٨٠ی بۆنەکانیان لە فەڕەنساوە بۆ دێت.  نرخی بۆنەکانیان لە پێنج هەزارەوە دەست پێدەکات کە شوشەیەکی ۳٠ میلییە و نزیکەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە و گرانترین بۆنیشیان بە نزیکەیی بە ٤٤٥ دۆلارە.  هاوکار باس لەوە دەکات، ئەوان کڕیارێکی زۆریان هەیە و خەڵک زۆر لە بۆنەکانیان  رازین لەبەرئەوەی بۆنی خۆشیان هەیە و ماوەیەکی زۆریش ئەمێنێتەوە و نرخیشیان کەمترە بە بەراورد بە بۆنە هەڵنەپچڕاوەکان.  خواستی هاوڵاتیان لەسەر جۆری بۆنەکان بەپێی وەرز دەگۆڕێت، بۆنی وەرزەکان جیاوازە و تەنانەت بۆنی شەو و رۆژیشیان جیاوازە، بۆنە گەرمەکان کە لە  وەرزە ساردەکاندا بەکاردێت زیاتر دەمێنێتەوە.  هاوکار دەڵێت، ئەوان بۆنی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە حەساسیەت یان رەبۆ یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و پێویستە کڕیار پێش کڕینی بۆن بە خاوەن دوکانەکە بڵێت کە یەکێک لەو حاڵەتانەی هەیە.