دوکانی دابەشکردنی بایەعی. فۆتۆ؛ خۆراکی هەولێر
"هەموو كەلوپەلە خۆراكییەكان پشكنینی بۆ دەكرێت"
ئایا وەزیری بازرگانیی عێراق بەهۆی بایەعییەكەوە بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رەتیکردەوە واژۆی پەرلەمانتاران بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرەکەی کۆبکرێتەوە، دووپاتیشیان كردەوە، سەرجەم بەرهەمە خۆراکییە هاوردەکان پشکنینی تاقیگەیی توندیان بۆ دەکرێت و رێکارە توندەکانی کۆنتڕۆڵکردنیان بەپێی ستانداردە پەسەندکراوەکان ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “وەزارەتی بازرگانی دەیەوێت بۆ رای گشتی روونبکاتەوە کە بە توندی رەتیدەکاتەوە ئەوەی لە هەندێك سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە کۆمەڵێک پەرلەمانتار، کە واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری بازرگانی، دکتۆر ئەسیر غورەیری، لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە هاوردەکردنی چای خراپبوو و دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتیاندا”.
ئاماژەیان بەوەش کرد، “ئەو تۆمەتانە بە تەواوی بێ بنەمان، هەموو بەرهەمە خۆراکییە هاوردەکراوەکان کەوتوونەتە ژێر پشکنینی تاقیگەیی چڕ و رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی توند بەپێی ستانداردە پەسەندکراوەکان، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان”.
وەزارەتەکە داوای لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا کردووە، پێش بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە زانیارییە ناڕاستانە، وردبینی و وریا بن، داواشیان لێدەکات لە کاتی پێویستدا بۆ لێکۆڵینەوە یان پشتڕاستکردنەوە ئاماژە بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن.
جەختیش لەوە دەكەنەوە، “بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانە ئامانجی زیانگەیاندن بە دامودەزگاکانی دەوڵەت و سەرلێشێواندنی بیروڕای گشتییە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە مافی یاسایی خۆیانە هەموو رێوشوێنێکی پێویست لە دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە دەنگۆ و زانیاری چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە.
وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە دەرگاکانیان بۆ میدیاكاران و هاوڵاتیانیش کراوەیە، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروست لە چوارچێوەی شەفافیەت و بەرپرسیاریەتیدا.
ئەو راگەیاندراوەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دوای ئەوە دێت، پەرلەمانتارێك بە ناوی ئەمیر مەعموری داوای كردووە وەزیری بازرگانی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێ لە بارەی گرێبەستی كڕینی چایەكی خراپ و دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیان لە بایەعی و هەروەها بوونی چەندین خۆراك و كەلوپەلی بەسەر چوو لە بازاڕەكانی عێراقدا.