لە هەولێر 10 مارکێت و رێستۆرانت و سەرتاشخانە داخران - وێنە؛ قایمقامیەتی هەولێر
"پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبوون"
لە هەولێر 10 مارکێت و رێستۆرانت و سەرتاشخانە داخران
964+
شۆڕش قادری
لە گەڕەکی نازنازی هەولێر 10 مارکێت و رێستۆرانت و سەرتاشخانە و ئارایشتگا بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکان داخران.
درەنگانی شەوی رابردوو، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریكردنی بازار و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو، 21 شوێنیان لە چێشتخانە و سەرتاشخانە و ئارایشتگا و مارکێت لە گەڕەکی نازناز بەسەرکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی قایمقامیەتی هەولێر، دوای پشکنین و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە نرخ و كوالێتی شوێنەکان، ئەو شوێنانەی کە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچووبوو یان کەمو کوڕیی تریان هەبوو، هۆشداریان پێدرا لە زووترین کاتدا سەردانی قائیمقامیەتی ناوەندیی و لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان و نەهێڵانى کەموکوڕییەکانیان.
ئاماژە بەوەشکراوە 10 شوێن بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکان داخراون و شوێنەکانیش ئەمانەن؛
مارکێتی ئەرین، سەرتاشخانەی لۆکسەدی کات، ئەلبان موئەیەد، فرۆشگای ئێکس لیڤن، سەرتاشخانەی ڤیو، رێستورانتی حدایق شام، ئارایشتگای سۆفت ، کۆگای همدل، کافتریای اشکدە نیگا ، برژاوی خەڵوز.