دۆلار بەنیاز نییە بێتەوە شوێنی خۆی

964+
هێمن بەکر

نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی هەر بەرزە و بەنیاز نییە بێتەوە شوێنی خۆی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە بۆ 153 هەزار دینار.

ئەوە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک بوو نرخی دۆلار لەنێوان 150 و 151 هەزار دینار یاریی دەکرد.

سێشەممەی رابردوو، 7.2.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پرۆژەیەکی بانکی ناوەندیی پەسەند بکات، کە بریتی بوو لە جێگیرکردنی نرخی یەک دۆلار بە هەزار و 300 دینار، واتە 100 دۆلار بۆ 130 هەزار دینار.

لە دوای ئەو بڕیارە نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کەمێک خوار 150 هەزار دینار دابەزی، بەڵام نەگەیشتە خوار 140 هەزار دینار.