رەوشی بیرە نەوتەکانی کەرکوک باش نییە

964+

كاروان ستار – کەرکوک

بیرە نەوتەکانی کەرکوک بەباشی نۆژەن نەکراونەتەوە و ئەمەش بە قسەی ئەندازیارانی جیولۆجی مەترسی لەسەر رێژەی بەرهەمهێنان دروستکردووە.

بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست بۆ شوێنگرتنەوەی نەوتی دەرهاتوو، مەترسی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکوک دروستبووە.

لەمانگی رابردوودا، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک 10 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەبووە کە تەنیا دوو ملیۆن و 475 هەزار بەرمیلی هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کراوە کە داهاتەکەشی 185 ملیۆن دۆلار بووە، هاوکات رۆژانە 250 هەزار بەرمیل رەوانەی ئەردەن كراوە كە داهاتەكەی 20 ملیۆن دۆلار بووە.

جگە لەوەی هەناردەی دەرەوە کراوە، ئەوا بەشێک لە نەوتی كەركوك رۆژانە رەوانەی پاڵاوگەكانی قەیوان، كار، كەركوك، بێجی، گەیارە، كەسك و سینیە دەكرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین، گاز و نەوتی سپی.

فەرهاد هەمزە، بەرپرسی ئەندازیارانی جیولۆجی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی964ی وت، ئەگەر بیرە نەوتەكان نۆژەن نەكرێنەوە و ئاویان تێنەكرێت ئەوە مەترسی لەسەر رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی كەركوك دروست دەبێت.

زیاتر وتی “پێویستە دوای دەرهێنانی نەوت بەردەوام ئاو بكرێتە نێو بیرەكانەوە بۆ ئەوەی شوێنی نەوتەكە بەتاڵ نەبێت و نەبێتە بۆشایی لە ژێر زەوی و جارێكی دیكە بەرهەمی هەبێت”.

ئەگەر بیرە نەوتەكان نۆژەن نەكرێنەوە و ئاویان تێنەكرێت ئەوە مەترسی لەسەر رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی كەركوك دروست دەبێت

لە پارێزگای كەركوك، حەوت هەزار بیرە نەوت هەیە و لەسەرەتای دۆزینەوەی نەوت بیرەکان دابەشی سەر پێنج كێلگە كراون ئەوانیش، بای حەسەن، خەبازە، ئاڤانە، جەمبور و بابا گورگور.

بەقسەی فەرهاد هەمزە بێت، بەشێكی زۆر لەو بیرانە كۆن بوونە و بەو هۆیەوە لەكار كەوتوون و بەرهەمیان نەماوە.

“بەردەوام بیرە نەوتەکان نۆژەن دەكرێنەوە بەڵام وەك پێویست نییە، ئەوە مەترسی زۆری لەسەر بەرهەمی نەوت لەكۆمپانیای نەوتی باكوور دروست کردووە،”  بەرپرسی ئەندازیارانی جیولۆجی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی964ی وت.

لە كەركوك، حەوت هەزار بیرە نەوت لەکێڵگەکانی بای حەسەن، خەبازە، ئاڤانە، جەمبور و بابا گورگور هەیە

لەساڵی 1927 لەشاری كەركوك، یەكەم بیرە نەوت دۆزرایەوە لە كێلگەی نەوتی باباگوڕگوڕ، پاشان لەساڵی 1932 دەستكرا بە هەناردەكردنی بەشێوەیەكی كاتی و دواتریش لەساڵی 1934 بە فەرمی نەوتی کەرکوک هەناردەی دەرەوە کرا.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر