لە قەزاى پشدەر

کەمئاوى مەترسى بۆ سەر کشتوکاڵ و حەوزەکانى ماسى دروست کردووە

+964

محەمەد عەلی ـ پشدەر

کەمى بارانبارین بەتەنیا گرفتى بۆ ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ دروست نەکردووە، ئەوەتا کەمئاوى مەترسى بۆ حەوزەکانى ماسى و کێڵگە کشتووکاڵییەکانى سنوورى پشدەریش دروستکردووە. کشتوکاڵى راپەڕینیش دەڵێت: بەنداوى دەڵگە کێشەکە چارەسەر دەکات و رەزامەندى دراوە بۆ دروستکردنى.

ئەحمەد ئەمین، لە گوندى پیران پڕۆژەى حەوزى ماسى هەیە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”زۆرینەى حەوزەکانى ماسى لە سنوورى پشدەر پشت بە ئاوى زێى بچوک و چەم و رووبارەکان دەبەستن، بەڵام ئەمساڵ ئاوى ئەو شوێنانە بە تەواوى روویان لە کەمبوونەوە کردووە، بۆیە گرفتى گەورەمان بۆ دروستبووە”.

دەشڵێت: حەوزەکانی ئێمە لە سێ بیرەوە ئاویان تێدەکەین، لەو سێ بیرە دوانیان وشکیان کردووە ئەو بیرەشی ماوە ئاوی پێویستی تێدانیە، ناچار نیوەی حەوزەکان بەتاڵ دەکەین یا ئەوەی هەیە گەرای ماسی تێ ناکەین، چونکە دەزانین ئاو نییەو بەشمان ناکات.

کەمبوونەوە ئاوى زێى بچوک و نەبوژانەوەى ئاوى کانیاوەکان، جوتیارانیشى تووشى کێشە کردووە، عەلى قادر جوتیارێکى سنوورەکەیە و لەبارەى کێشەکەوە بە 964ـى وت،”ئاوا بڕوات باخ و بەرووبومە کشتوکاڵییەکانمان وشک دەبن”.

وەک ئەوەى ئەو جوتیارە باسى دەکات، ئەگەر بەنداوى دەڵگە دروستبکرایە هەرگیز تووشى ئەو کێشانە نەدەبوون، بەڵام بەنداوەکە هەر بەڵێنە و هیچى تر.

بە وتەى خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى راپەڕین، ئەم هاوینە بۆ ئیدارەى راپەڕین تاقەتپڕوکێن دەبێت، چونکە کەمئاوى کێشەى بۆ هەموو سنوورەکە دروستکردووە.

ئاشکراشى کرد، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لەعێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئێران بۆ بەردانەوەى ئاوى پێویست بۆ زێى بچوک.

لەبارەى بەنداوى دەڵگەوە، خالید ئەحمەد وتى،”ئەوەی ئاگادارین هیچ گرفتێکی نەماوە، هەموو رێکارەکانی تەواو بووە و حکومەتی عێراق بودجەشی بۆدابینکردووە، بەڵام کەی دەستبەجێبەجێکردنی دەکرێت نازانین،چونکە عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم سەرپەرشتی دەکات، بەڵام بە تەواوبوونى بەنداوەکە کێشەى ئاوى خواردنەوە و کشتوکاڵى لە سنوورەکە بەڕێژەیەکى زۆر چارەسەر دەکات.

بەپێى ئەو ئامارانەى 964 لە کشتوکاڵى راپەڕین و پشدەر دەستى کەوتووە، 755 حەوزى ماسى لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین هەن، لەو رێژەیە 224 دانەیان لە پشدەرن، هەروەها 250 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لە ئیدارەى راپەڕین هەیە و لەو ژمارەیە 140 هەزار دۆنمى لە قەزاى پشدەرە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

قەڵادزێ لە هاویندا تینوى دەبێت

قەڵادزێ لە هاویندا تینوى دەبێت