مێردمنداڵێک لەکاتی بەستنی سبلێت کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا
لە خورماتوو
مێردمنداڵێک لەکاتی بەستنی سبلێت کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەخورماتوو مێردمنداڵێک لەکاتی بەستنی سبلێت کارەبا گرتی و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
جاسم عەبدوڵا، ئێشگر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا تەرمی مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دوای پشکنین دەرکەوت کە بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ئەو مێردمنداڵە رەوانەی پزیشکی دادیی کەرکوک دەکرێت دوای توێکاری، رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
عەباس عەبدولخالق مامی مێردمنداڵەکە بە 964ـی وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ برازاکەی بەتەنیا چووەتە ناو ئەو خانووەی کە ماوەیەکە دەستیان بەنۆژەنکردنەوەی کردووە و لەئێستادا کەسی تێدانیە، مێردمنداڵەکە سەربەخۆیانە چووە بۆ بەستنی بەشی کارەبای سبلێتەکەیان، لەکاتی دەستکاریکردندا، کارەبا گرتوویەتی و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئەو مێردمنداڵە ناوی حەسەن سامیـیە، تەمەنی 13 ساڵە و قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی بووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری