یا خۆڵ و تۆز یا قوڕاو
رێگا خراپەکەس سۆربەش قیرتاوکرا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەو رێگا خراپەی خەڵکی گوندی سۆربەش گیریان خواردبوو بە دەستیەوە، ئەوا بۆیان قیرتاوکرا، ئیتر هەم لە تۆزو خۆڵ و هەم لە قوڕو چڵپاو رزگاریان بوو.
محەمەد زکری یەکێک لە جوتیارانەی گوندی سۆربەش حەوێزە، بەر لە ماوەیەک قسەی بۆ 964 کرد و وتی ”حاڵمان حاڵ نییە، 15 ساڵە بە دەست رێگای گوندەکەوە گیرمان خواردووە، بە هاوینان تۆز و خۆڵ و بە زستانان قوڕو چڵپاو، بە تەواوی هاتوچۆمان لێ قورس بووە.
لەوە دەچێت ئیتر ئەو خەمەی محەمەد و خەڵکی گوندەکە رەویبێتەوە، چونکە پارێزگای هەولێر رایگەیاند: تیمەکانی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبان دەستیانکردووە بە قیرتاوکردنی رێگای سەنتەری گوندی سۆربەش حەوێز.
گوندی سۆربەش حەوێز یەکێکە لە گوندە بە ناوبانگەکانی ناحیەی شەمامک، 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێرەوە دوورە.