لە فڕۆكەخانەی سلێمانی 100 دۆلار دەبێت بە 132 هەزار دینار

964+
هێمن بەکر

فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتیاران ئاگاداردەکاتەوە، بەزووی ناوەندێک بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەنەوە، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بفرۆشێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو فڕۆکەخانەیە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە مەبەستی دانانی ناوەندی فرۆشتنی دۆلار، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی بازرگانی هەرێمیی (RT Bank) سەردانیکردوون و شوێنەکەیان دیاریکردووە.

لەلایەکی دیکە، نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە “هاوشێوه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، گه‌شتیاران ده‌توانن له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌رێگه‌ی لقی سلێمانی RTی بانكه‌وه‌ به‌پێی مه‌رجه‌كانی بانكی ناوه‌ندیی تاوەکو بڕی حه‌وت هه‌زار دۆلار وه‌ربگرن”.

دوێنێ دووشەممە، ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە لە رێگەی RT بانکەوە دەستبکات بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی تازە بۆ گەشتیاران، بڕیارەکەش لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

ماوەیەکی زۆرە، لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی بە فرۆشتنی دۆلار کردووە بە نرخی جێگیر.