میوانى لوتکەى عەرەبین

وەفد لەسەر وەفد دەگاتە بەغدا

964+

وریا فەتاح

سبەینێ شەممە، 34ـەمین لوتکەى عەرەبى لە بەغداى پایتەخت دەستپێدەکات، کەشوهەوا و قەیران و گۆڕانگارییە سیاسییەکان و کاریگەریان لەسەر گۆڕەپانى عەرەبى، قسەوباسى لوتکەکە دەبن.

هەر ئەمڕۆ وەفد لەسەر وەفدى وڵاتانى عەرەبى، بۆ بەشدارى لە لوتکەکە گەیشتنە بەغدا

بە وتەى باسم عەوادى، وتەبێژى حکومەتى عێراق، هەموو وڵاتانى عەرەبى نوێنەریان بەشدارى لە لوتکەکەدا دەکەن، ئەوە جگە لە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و یەکێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەفریقا و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی .

لوتکەی بەغدا چوارەم لوتکەیە لە مێژووی عێراقدا، هەرچەندە قەبارەی بەشداریکردنی سەرۆک و پاشا و شازادەکانی عەرەب لە لوتکەکەدا دیار نییە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە بەشداریکردنەکە “چۆنایەتی و چڕ دەبێتەوە، بڕیارەکانیشی ناوازە دەبن”.

قسەوباسەکان چین؟

دۆخی غەزە و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل و قەیرانەکانی کاروباری وڵاتانى عەرەبى و گۆڕانکارى کەشوهەوا، تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانن.

لە لوتکەکەدا باس لە دەستپێشخەرییەکانی عێراق دەکرێت، لەوانە دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە نیشتمانییەکان و ژوورێکی هەماهەنگی ئەمنی و سندوقی هاوکاری ئاوەدانکردنەوە.

هەر ئەمڕۆ، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا قەرەباڵغ بوو بە گەشتنى وەفدى وڵاتانى عەرەبى و نوێنەر و سەرۆکى چەندین وڵاتانى عەرەبى، گەیشتوونەتە بەغدا و هى تریش لە رێگەن.

حکومەتی عێراق مۆڵەتی داوە بە زیاتر لە 300 رۆژنامەنووسی عێراقی، 250 رۆژنامەنووس و پیشەگەری میدیایی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها 20 رێکخراو و سەندیکای سەر بە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی، کە بەشداربن لە رووماڵى لوتکەکەدا.

بەغدا وەک پایتەختى گەشتیارى عەرەبى بۆ ساڵى 2025 دیاریکرا

بەغدا وەک پایتەختى گەشتیارى عەرەبى بۆ ساڵى 2025 دیاریکرا