لێكۆڵینەوە له هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی یاسایی كراوه  

لیستێك ئامادەكراوە زیاتر لە 100 منداڵی ونبووی هەڵەبجەی لەخۆگرتووە

964+

محەمەد فاتیح

بۆ خستنەڕووی كار و چالاكیەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت به مافەکانی منداڵ، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی گفتوگۆکردنی راپۆرتەکانی رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی لە کۆشکی ویلسن لە جنێڤ کرد و راپۆرتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبواری مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان خوێندەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەكه لە نیسانی 2023 ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سیاسەتی پاراستنی منداڵانی لە هەموو توندوتیژی، دەستدرێژی و پشتگوێخستنێک پەسەند کردووە و لەسەر ئاستی دادوەریدا تایبەت بە نەوجەوانانیش، تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوانکاری بۆ 11 ساڵ بەرز کراوەتەوە و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر منداڵاندا قەدەغە کراوە و ئەو کەسانەی تەمەنیان خوار 18 ساڵین و پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەبووە وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

“وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لیستێکی ئامادە کردووە زیاتر لە 100 منداڵی ونبووی هەڵەبجەی لەخۆگرتووە لە ساڵی 1988ـەوە بە مەبەستی ئاشکرا کردنی چارەنووسیان” دیندار زێباری واى وت.

دەشڵێت، “لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەم دەرامەتان تەرخان کراوه، بۆ لەخۆگرتنی منداڵانی بێدایک و باوک کە تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ، بۆ ئەوەی تا تەمەنی 24 ساڵی تێیدا بژین و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (گەڕانەوە بۆ خوێندنيش)، 33 هەزار و 271 منداڵ گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن”.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی یاسایی، دادگاکان سەیری 313 داوایان کردووە، کە زۆربەیان لە کەمپی ئاوارەکان بوون، تیمی مەیدانی پێک هێنراون بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش، هەڵمەتێکی نیشتمانی دەستی پێ کردووە بەم شێوەیە سەردانی 223 کۆمپانیا کراوە، 15 کەیسرەوانەی دادگا کراون، لەگەڵ دەستگیرکردنی 79 کەس و دەرکردنی حوکم بۆ 212یان.

“هەرێمی کوردستان میوانداریی زیاتر لە 856 هەزار ئاوارە و پەنابەران کردووە و حکومەت %80ی پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابین دەکات”.