ناوەندەكەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە وەقایعی عێراقی بڵاوكرایەوە
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگدرا بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و دادگای فیدڕاڵی داوای چەند پەرلەمانتارێكی رەتكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگدانە، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.5.2025 وەزارەتی دادی عێراق وتی، ” ژمارەیەكی نوێی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكراوەتەوە و ئەو مەرسومە كۆمارییەشی لەخۆگرتووە كە دان بە پارێزگابونی هەڵەبجەدا دەنێت لە هەرێمی كوردستانی عێراق”.
روونیشیكردەوە بەپێی مەرسومی كۆماری، هەڵەبجە بووە بە نۆزدەهەمین پارێزگا لە كۆماری عێراقدا و ناوەندەكەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
له 14.4.2025 پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دا و بوو بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و 19مین پارێزگای عێراق.
هەڵەبجە
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە برینداربوون.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، هەروەها وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە، جگە لەوەش 166 گونديش لەخۆ دەگرێت.