پۆلیس وا دەڵێت

پارە بابردووەکەى هەڵەبجە هەمووى کۆکرایەوە

وریا فەتاح

لە کاتێکدا مووچە دەنگى نییە. بەڵام دوێنێ ئێوارە، دیمەنێکی “سەیر و سەرنجڕاکێش” لە شاری هەڵەبجە بڵاوبووەوە ئەوەش کاتێک لە نزیک ئامێرێکی ATM، دەستە دەستە پارەی 50 هەزار دیناری بە ئاسماندا دەفڕین و با دەیبردن، پۆلیسی شارەکەش دەڵێت “هەموی کۆکرراوەتەوە”.

گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن کاتێک باکە بەهێز دەبێت، بڕێکی زۆر لە پارەى 50 هەزار دیناری بە دەوری ئامێرێکی ATMـی بانکی RTBـدا بڵاو دەبنەوە، لە ڤیدیۆکەدا سێ کەس دەردەکەون کە بە “پەلەپەل و هەناسەبڕکێ” سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەکانن پێش ئەوەی باکە بۆ شوێنێکی دووریان ببات.

ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاند کە رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە تیمی بانکەکە سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئامێرەکە بوون بە پارە، لەو کاتەدا سەری یەکێک لە بۆکسەکان کراوەتەوە و بایەکی بەهێز پارەکانی بڵاوکردووەتەوە”.

وتەبێژی پۆلیس دڵنیایی دەدات و دەڵێت، توانراوە سەرجەم بڕی پارەکە کۆبکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تەکنیکیش لە ئامێرەکەدا نەبووە.

هەرچەندە دیمەنەکە بۆ خەڵک وەک “بارانە پارە” دەردەکەوت، بەڵام بۆ تیمەکانی بانکەکە ساتێکی پڕ لە سترێس بووە تاوەکو توانیویانە دوایین 50 هەزاری لە چنگی باکە دەربهێنن و بیخەنەوە ناو بۆکسەکان.