رۆژانە 10 بۆ 50 هەزار بەرمیل رەوانە دەکرێت

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە و وەک هەنگاوی یەکەم رۆژانە 10 بۆ 50 هەزار بەرمیل رەوانە دەکرێت.

بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق داڕماوە، لە ئێستاشدا حکومەتی ئەو وڵاتە پێویستی بە هەشت ترلیۆن دینارە بۆ دابین کردنی موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە بەناچاری پەنای بۆ کوردستان هێناوە بۆ ئەوەی نەوتی کەرکوک لە کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکات.

964 لەگەڵ زیاتر لە دوو سەرچاوە، تایبەت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور قسەی کردووە، ئەوەیان پشتراستکردەوە کە، دوای چوار رۆژ لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان بەهۆی جەنگەوە، ئەمڕۆ هەینی 13.3.2026 جارێکی دیکە هەناردەکردن دەستیپێکردووەتەوە و وەک هەنگاوی یەکەم 10 بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکرێت، لە کاتێکدا پێشتر بە پێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەکرا.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا داوا کراوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بەرزکردنەوەی داهاتی عێراق، رۆژانە لە کەرکوکەوە 100 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بۆرییەکانی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهان بکرێت،  بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەش شاندەکەی کوردستان چەند مەرجێکی داناوە کە بریتین لە؛

-قەرەبوکردنەوەی کوردستان بەهۆی زەرەر و زیانەکان کە پێیگەیشتووە

-بڕە پارەیەک بدرێت بە کوردستان بەرامبەر ئەوە نەوتەی بە بۆری کوردستان رەوانە دەکرێت

-پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بگەرێنەوە سەر بیرە نەوتییەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

-گەرەنتی دابینکردنی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم

وەک ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کرد، شاندەکەی بەغدا رازی نەبووە بەجێبەجێکردنی هەموو خاڵانە بەپاساوی ئەوەی ئەوان مافی بڕیاردانیان نییە، بۆیە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانیان وەک راپۆرتێک نووسیوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەستی سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری