مەرجیان هەیە
کۆکردنەوەی سەگ لە کۆیە هەزار دینار لە هەولێر قازانجی زیاترە
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە قەزای کۆیە هەڵمەتێکی دیکەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەستیپێکرد و مامۆستایەکی ئایينی سەرپەرشتی دەکات، بۆ هەر کەسێکیش سەگێک بهێنێت چوار هەزار دیناری پێدەدەن، لە كاتێکدا لە هەولێر، بۆ هەمان کار تەنیا سێ هەزار دینار بە کەسەکە دەدرێ.
هەڵمەتەکە ئەمڕۆ 2025.5.13 دەستیپێکردووە و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێ، تیمێکیان بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان پێکهێناوە و هەر کەسێکیش بتوانێت چەند سەگ بهێنێت حەقەکەی خۆی وەردەگرێت.
هاشم عەبدوڵا، مامۆستای ئایینی و سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکە بە 964ـی وت، لەسەر ئەرکی خێرخوازان کارەکە ئەنجام دەدەرێت بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، بۆ هەر سەگێک چوار هەزار دیناریان داناوە، خەڵکیش ئازادە دەتوانێت چەند سەگ بهێنێت پارەکەی خۆی وەردەگرێت، مەرجی وەرگرتنی سەگەکانیش ئەوەیە نابێت بێچوو بێت، یاخود دایک بێت و شیر بدات بە بێچووەکانی.
ئەو مامۆستایە وتیشی، هۆکاری هەڵمەتەکە کاریگەری خراپی سەگە بێلانەکان بووە کە لە ماوەی رابردوو ئەزیەتی چەندین منداڵ و خەڵکی شارەکەیان داوە و بریندارییان کردوون، ئەو چیرۆکی گەنجێکی گێڕایەوە، کە بەهۆی گەستنی سەگەوە تائێستا نۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە و ناتوانێ ئاسایی لەسەر پێیەکانی خۆی بڕوات.
هەڵمەتی یەکەمی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان 200 سەگ کۆکرایەوە و رەوانەی یەکێک لە شەڵتەرەکانی شاری هەولێر کرا، ئەمڕۆش هەڵمەتێکی دیکەی کۆکردنەوەکە راگەیەندراوە و تا یەک مانگی دیکە هەرچی کۆکرایەوە بۆ شەڵتەرەکەی هەولێر دەیان گوازنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا