برایەتی لە پێشمەرگەی هەولێری بردەوە

964+
شۆڕش عەبدوڵا

ئەمڕۆ لە خولی 18ی خولی نایابی کوردستان چوار یاری بەڕێوەچوون، کە دووانیان بە یەکسانبوون و دوانەکەی دیکەیان بە بردنەوە کۆتاییان هات.

لە شاری هەولێر، هەردوو یانەی برایەتی و پێشمەرگەی هەولێر، لەسەر یاریگای برایەتی رووبەڕووی یەکتربوونەوە، هەر لەدەستپێکی یارییەکە، برایەتی میواندار، بەهێرشکردن دەستیپێکرد، هێرشەکانی یانەکە بەردەوامی هەبوو، تا لە خولەکی 36، دانا کامەران توانی تاکە گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات.

هەرچی یانەی پێشمەرگەی هەولێرە، سەرەڕای ئەوەی لە ریزبەندی یەکەمی خولەکەیە، بەڵام بە وتەی سەمیر بابۆی راهێنەر، بە ئاست و ئەنجام نەیتوانی یارییەکی باش ئەنجامبدات.

یاریزان دانا کامەران، خاوەن گۆڵی یارییەکە دڵخۆش بوو بە ئەنجامەکەیان کە دوای چەندین یاری بردیانەوە.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە کۆی 17 یاری خاوەنی 27 خاڵە و لە ریزبەندی یەکەمی خولەکە مایەوە.

یانەی برایەتیش لە کۆی 17 یاری خاوەنی 23 خاڵە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولەکە دێت.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سێ یاری دیکەی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دووانیان بە یەکسانبوون کۆتاییان هات.

سیروانی نوێ لەگەڵ هەندرێن بە ئەنجامی 1-1، هەروەها ئاکرێ لەگەڵ چەمچەماڵ بە ئەنجامی 0-0 یەکسان بوون، لە هەمان کاتدا، شەقڵاوە 1-0 لە چوارقوڕنەی بردەوە.