ئاسۆ رۆستەم هۆکاری جێهێشتنی یانەی سالمیەی کوەیتی ئاشکرا دەکات
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق، سوپاسی هاندانی خەڵکی کوردستان دەکات و اهەروەها هۆکاری جێهێشتنی یانە کوێتییەکەش بۆ پابەند نەبوونی ئەوان بە گرێبەستەکەی نێوانیان دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ 29ی کانونی دووەم، ئاسۆ ڕۆستەم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست، سوپاسی هاوڵاتییانی کوردستانی کرد بۆ هاندان و پشتیگیری کردنیان.
ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بووە پاڵەوانی جامی کەنداوی 25، هەروەها ناوبراو گۆڵی دووەمی هەڵبژاردەی عێراق و تاکە گۆڵی خۆی لە پاڵەوانیەتییەکە لە هەڵبژاردەی عەرەبستانی سعودیە تۆمار کرد.
ئاسۆ رۆستەم، لە کۆنفڕانسە رۆژنامەنوسیەکەدا ئاماژەی بە بانگێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق کرد کە بۆ ئەو جێگای دڵخۆشی و شانازی بووە، ئەوەش دەڵێ: بەهۆی ئەوەی ئاستێکی باشم نیشانداوە سەرنجی راهێنەری عێراقم راکێشاوە کە بانگهێشتم بکات.
لەبارەی پەیوەندی خۆی و یانە کوەیتییەکەش وتی “لەگەڵ یانەی سالمیەی کوەیتی گرێبەستەکەم هەڵوەشاندۆتەوە، بەهۆی پێنەدانی موچەی مانگانەکەم کە هەردوولا لەسەری رێکەوتبووین، ماوەی شەش مانگە هیچ موچەیەکیان بە من نەداوە، تەنیا پێشەکی گرێبەستەکەم وەرگرتووە بۆیە لەڕێگای پارێزەرەوە گرێبەستەکەم هەڵوەشاندۆتەوە”.
لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی964 کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە وەک یانە کوەیتییەکە دەڵێ بەهۆی دابەزینی ئاستی بووە، ئاسۆ رۆستەم، ئەوە رەت دەکاتەوە و ئاشکراشی دەکات تەنانەت “ئەم بەیانییە پەیوەندییان بە ئیدارەی کارەکەم و پارێزەرەکەمەوە کردووە بگەڕێمەوە و ئەو پارانەی لایانە پێم بدەنەوە”.
زیاتر وتی “لەیانەی سالمیە هەتا کۆتا یاری یەکێک بووم لەو یاریزانانەی رزگارکەری یانەکە بووم لەماوەی بیست دەقەی یاریەکەدا گۆڵم بۆ تۆمارکردوون و یانەکەم سەرخستووە”.
ئەو یاریزانە کوردە، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بۆندی زۆری بۆ هاتووە، لەوانە لە عەرەبستانی سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو کە لە داهاتووی نزیکدا گرێبەست لەگەڵ یانەیەک دەکات کە بتوانێ ئاستی خۆی نیشان بدات.