ئەوانەی بەردەمیان سەوزاییە و روکنە پارەی زیاتر دەدەن

رسوماتی دروستکردنی خانوو بۆ دوو هێندە زیاد دەکات

964+

هێڤی دێوالی

رسوماتی دروستکردنی باڵەخانە و خانوو بۆ دوو هێندە زیادیکردووە، ئەندازیارێکیش دەڵێت: تەنانەت لەگەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکەش جیاوازە.

رسوماتی دروستکردنی خانوو کە پێشتر 500 هەزار دینار بوو بۆ خانووێکی 200 مەتری دووجا، لەئێستا بەپێی رێنمایی وەزارەتی شارەوانی بۆ هەر مەترێک لەهەزار و 500 دینارەوە دەستپێ دەکات، لەگەڵیشدا رسومات لەسەر خانووی روکن و پێش سەوزایی و بەرینی جادەی بەردەمی هەژمار دەکرێت، جگە لەمەش رسوماتەکە لەگەڕێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە.

ئەندازیار خالید نەجمەدین، بەرپرسی هۆبەی پێدانی رەزامەندی بە دروستکردنی باڵەخانە و خانوو لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی964ـی وت، بەپێی رێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت باڵەخانە یان خانوو دروستبکەن، ئەوا بۆ هەر مەتر دووجایەک دەبێت هەزار و 500 دینار بدات، بۆ باڵەخانەش ئەوا سێ هەزار دینار بدات.

زیاتر وتی “ئەو نرخە لەگەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە، تەنانەت ئەگەر جادەی بەردەم ماڵەکەت 20 مەتری بێت ئەوا رسوماتەکەی جیاوازە لەگەڵ خانووێکی دیکە کە بکەوێتە سەر جادەیەکی 10 مەتری”.

بەقسەی بەرپرسی هۆبەی پێدانی رەزامەندی بە دروستکردنی خانوو بێت، تەنانەت پارەی ئەوەش لەو کەسانە وەردەگیردرێت کە دەیانەوێت خانووەکەی بەردەمی سەوزایی بێت یانیش خانووەکەی روکن بێت.

ناوبراو ئامادە نەبوو کۆی تێچووی رسوماتی دروستکردنی خانووێک ئاشکرا بکات، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی964 کەوتووە، رسوماتی خانوو دروستکردنی بەپێی رێنماییە نوێیەکەی شارەوانی بێت ئەوا لە 500 هەزار دینارەوە زیاد دەکات بۆ 750 هەزار دینار.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق