
چاکسازیی گەورانی هەولێر - social media
کەمیی مامۆستا و پێداویستییەکان کێشەی سەرەکین
کێشەکانی خوێندنی چاکسازییەکان چارەسەر دەکرێن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی چارەرکردنی کێشەکانی خوێندنە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان دەڵێت، وەزیری پەروەردە پێی وتوون بە زوویی کێشەکانیان چارەسەر دەکات.
لەهەرێمی کوردستان پێنج هەزار زیندانی لە شەش چاکسازیدان، تۆڕی964 لەبەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەکانەوە دەزانێت 430 زیندانی تا قۆناغی 12 ئامادەیی لەزیندانییەکاندا دەخوێنن.
تۆڕی964 لە زاری ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەرێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمەوە دەزانێت، لە زیندانەکاندا کێشەی مامۆستا و کەمیی پێداویستیی خوێندن سەرەکین.
ناوبراو بە تۆڕی964ی وت “جگە لەوانەش کێشەی هاوڵاتیی عەرەبمان هەیە، دەیانەوێت بخوێنن و رێنماییمان لا نییە ئایا بەزمانی کوردی بخوێنن یان بە عەرەبی”.
هەفتەی پێشوو کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمدا کردووە “وەزیر بەڵێنیدا سەرجەم داواکاری و کێشەکانمان لە وادەیەکی نزیکدا لە رێگەی لیژنەیەکەوە چارەسەر بکات”.
“کێشەی هێنانی پەڕاوەکانمان لە خوێندنگەی شار و ناوچە جیاوازەکانەوە هەیە بۆ زیندانییەکان لەو خوێندنگایانەی پێشتر لێیان خوێندووە”، ئیحسان عەبدولڕەحمان وای وت.