تەنیا بە رووداوی هاتوچۆ
تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا شەش کەس گیانیان لەدەست داوە و 17ـی دیکەش برینداربوون
964+
ژووری هەواڵ
رووداوەکانی هاتوچۆ خەریکە دەبێتە بەشێک لە ژیانی هاوڵاتیان و رۆژ نییە لەسەر رێگاوبانەکان کارەسات نەقەومێ و گوێبیستی گریان و ناڵەی کەسوکاری ئەو کەسانە نەبین کە گیان لەدەست دەدەن، 964 بەدواداچوونی کردووە و دەرکەوتووە تەنیا دوێنێ و ئەمڕۆ، شەش کەس لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و 17ـی دیکەش برینداربوون.
پوختەی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ماوەی ئەم دوو رۆژدا بەم شێوەیە:
– لە رووداوێکی هاتوچۆدا دایک و باوکێک گیانیان لەدەستدا؛ پێنج منداڵیشیان برینداربوون
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە شەقامی فڕۆکەخانەی کەرکوک روویدا
– بە رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگەی سیروان- هەڵەبجە ماتۆڕسوارێک گیانی لەدەست دا.
رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە روویدا و ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی هیۆندای تەکسۆن پێکیاندادا و بەهۆیەوە شۆفێری ماتۆڕەکە گیانی لەدەست دا.
– لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک دوو خوێندکار بریندار بوون
رووداوەکە دوا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لەسەر رێگای هەولێر و کەرکوک نزیک گوندی گەڵۆزی روویداوە و دوو خوێندکاری زانکۆی کیتاب کۆنترۆڵیان لەدەست دا و خۆیان کێشاوە بە عامودێکدا و دواتریش وەرگەڕاون.
– لە پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل شۆفێرێک گیانی لەدەست دا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون
رووداوەکە کاتژمێر 3:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە شەقامی 100 مەتری لە نێوان تەکسیەک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویدا و بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەست داوە، کە شۆفێری یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان بووە، چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
-ماتۆڕسوارێک لە شەقامێکی هەولێر کەتنی نایەوە و رایکرد
کاتژمێر 4.10 خولەکی بەرەبەیان ماتۆڕسکیلێک خۆی کێشاوە بە تاکسییەکدا، و دواتر رایکردووە، تاکسییەکەش وەک تۆڵەکردنەوە لە دواوە خۆی بە ماتۆرەکەدا دەکێشێت
– جێبێک خۆی کێشا بە تانکەرێکی شارەوانی و شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە جێبێک لەسەر شەقامی بەحرکە لە هەولێر خۆی کێشا بە تانکەرێکی ئاوی شارەوانیدا و بەجارێ تەفروتونا بوو، شۆفێری جێبەکەش گیانی لەدەست دا
-پیکابێک لە یەسرب وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا، یەکێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کەمێک پێش ئێستا لەنزیک ناحیەی یەسرب لە رۆژئاوای قەزای خورماتوو پیکابێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا و کەسێکیش بەسەختی برینداربوو.
– بەهۆی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگەی زەڕایەن دەربەندیخان سێ کەس برینداربوون
کاتژمێر 5:10 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ سێ ئۆتۆمبێل لە نزیک گوندی میرەدێ پێکیاندادا و بەهۆیەوە سێ کەس بە سەختی برینداربوون
-دوو کەس لە ناحیەی لەیلان بە رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پیکابێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا موهاڤی لە نزیک گوندی ترکەشکان پێکیاندادا و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون و برینی یەکێکیان سەختە.
964 بۆ زانینی هۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی هاتوچۆ راپرسییەکی ئەنجامداوە و زیاتر لە هەزار و 200 کەس بەشداریان تێداکردووە، بە رێژەی لەسەدا 54ـی بەشداربووان هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆیان بۆ خێرایی زۆر دەگەڕێننەوە، %24ـیش بۆ خراپی رێگاوبان، ناشارەزایی شۆفێران %14، مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی %7 و رەوشی کەشوهەواش %1ـە.