"بەمزوانە کێشەکە چارەسەر دەکەین"
کێشەی گەراجی بارهەڵگرەکانی سەیرانبەن دەگاتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
کرێی ساڵانەی گەراجی بارهەڵگرەکانی مەرزی سەیرانبەن بووە بەکێشە و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەهەوڵی چارەسەرکردنی دایە.
لەسەر داوای زیادکردنی کرێ، شوفێرانی بارهەڵگری مەرزی سەیرانبەن سکاڵای خۆیان لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک دەگەیەننە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
مەرزی سەیرانبەن دوو گەراجی هەیە و 650 بارهەڵگر کاری تێدا دەکەن، ئەوان ساڵانە سێ ملیۆن دینار پارەی گەراجەکە دەدەن و هەر بارهەڵگرێکیش رۆژانە پێنج هەزار دینار دەدات.
ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی964ی وت، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا دیراسەی ئەو پرسە دەکات، نابێت بارگرانی زۆر بخرێتە سەر بارهەڵگرەکان و پارەی زۆریان لێوەربگیردرێت، بەڵام نابێت ئەمەش لەسەر نەگەڕانەوەی داهات بێت بۆ حکومەت.
“هەر کەموکوڕییەک لەگرێبەستەکە هەبێت راست دەکرێتەوە و بەمزوانە کێشەکە چارەسەر دەکەین”. ئەنوەر تاهیر وای وت.
مەرزی سەیرانبەن، دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی پێنجوێن لەدیوی هەرێمی کوردستان و شاری بانە لەدیوی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو مەرزە تائێستا نەکراوە بەمەرزێکی نێودەوڵەتی.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق