كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك
964 زانیارییەكانتان بۆ دەخاتەڕوو
دەتوانن هەر لەماڵەوە بە ماوەی پێنج خولەک ببن بە خاوەنی كارتی خۆراک
964+
محەمەد فاتیح
دوای بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ كارتی ئەلیكترۆنی خۆراک، زۆربەی هاوڵاتیان روودەكەنە ئەو شوێنانەی یارمەتیان بدەن بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام 964 بەدواداچونی بۆ ئەم بابەتە كرد و زانیاری تەواوی دەستكەوت، كە هاوڵاتیان دەتوانن لە ماڵەوە بەبێ ئەوەی سەردانی هیچ شوێنێک بكەن، كارتی ئەلیكترۆنی خۆراک نوێ بكەنەوە و وەريبگرن.
ئاراس محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی دڵنیایی دا بە 964 كە هەموو هاوڵاتیەك دەتوانێت لە ماڵەكەی خۆیەوە بەبێ ئەوەی سەردانی هیچ شوێنێک بكات، فۆڕمەكەی نوێبكاتەوە بە كارت.
وتيشى، “سەرەتا دەبێت پڕۆگرامی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراک دابەزێنیت، كە بۆ هەمووان بەردەستە و پاشان بە ماوەیەكی كەم لە رێگەی ئەو پڕۆگرامەوە زانیارییەكان داخڵ دەكەیت و فۆڕمەكەت بۆ نوێدەكەنەوە بە كارت و ژمارەی كارتەكەشت وەردەگریت و دەبیت بە خاوەنی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراک، بەبێ ئەوەی لە ماڵ دەربچیت و سەردانی هیچ شوێنێك بكەیت”.
بەشەخۆراك
“بەڵام ئەم ئۆڤەرە تەنها هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی عێراق دەگرێتەوە، ئەوانەی لە هاندەرانن و لە دەرەوەی وڵات دەژین ئەم ئۆڤەرە نایانگرێتەوە” ئاراس محەمەد ئەمین واى وت.
بۆ دڵنیابوون لە پڕۆگرامی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك یەكێك لە كارمەندانی 964 پڕۆگرامەكەی لە ماڵەوە تاقیكردەوە و بەسەركەوتوویی زانیاریەكانی داخڵ كردوو لەماوەی نزیكەی پێنج خولەكدا بوو بە خاوەنی كارتەكە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندبوو كە لە 25.2.2025 دەستدەكرێت بە نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراك و بە پشت بەستن بە كارتی نیشتیمانی دەكرێت بە كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك و پڕۆسەكە تائێستاش بەردەوامە و لە كۆی 25 ملیۆن هاوڵاتی زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتی خۆیان تۆمار كردووە.