"زۆر بەپەلە بوو لە کارەکەی و تووشی ئەو رووداوە بوو"

نەگەیشت ئۆتۆمبێلەکەی بکات بە ناوییەوە؛ دەعمی پێکرد و گیانی لەدەست دا

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای بەحرکەی هەولێر بەرووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا، ئۆتۆمبێلەکەی تازە کڕیبوو و لەرێگادابوو بچێت بیکات بەناوی خۆیەوە، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و تووشی ئەو رووداوە بوو.

دارا خورشید، خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێڵ چیرۆکی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “بەیانی ئەمڕۆ بڕیار بوو ئۆتۆمبێلەکەی بکەم بەناوییەوە کە لە منی کڕیبوو و لە جۆری جێب لاریدۆ بوو، بەڵام گرێبەستی ئەلیکترۆنی ئۆتۆمبێلەکەی بەهەڵە کردبوو، پەیوەندی پێوەکردم کە دەچێت چاکی دەکات، زۆریش بەپەلە بوو لە کارەکەی و دەیویست زوو ئەنجامی بدات”.

وتیشی، دوای زیاتر لە کاتژمێرێک پەیوەندی بەو گەنجەوە کردووە و چاوەڕێی کردووە بچێت بۆ لای بۆ ئەوەی بەیەکەوە بچن، ئۆتۆمبێلەکەی بکات بەناوییەوە، بەڵام کەسێکی دیکە وەڵامی تەلەفۆنەکەی داوەتەوە و پێیوتووە کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە 12.5.2025 لەسەر رێگای بەحرکە، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری جێب لاریدۆ لە پشتەوە خۆی بە تانکەرێکی شارەوانیدا کێشا و بەهۆیەوە شۆفێری جێبەکە گیانی لەدەستدا.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری