دەڵێن رێوشوێنەکان ئاسان کراون

یەکەم تاکسی نوێ لە هەولێر تۆمار کرا

عەبدولعەزیز خالند

دوای زیاتر لە 11 ساڵ لە راگرتنی تۆماركردن، ئەمڕۆ یەکەم تاکسی نوێ لە هەولێر تۆمارکرا.

زیرەک راوچی، خاوەنی تاکسییە نوێیەکەیە و بە 964ی، وت، “سەرەتا مامەڵەکان کەمێک قورس بوون، بەڵام ئێستا زۆرباشیان کردووە، دەبێت فەحس و هەزە بکەیت و سەیارەکەش بکەیتەسەر ناوت، ئینجا ئاڵوگۆڕەکە بکەیت”.

هێمن حەمەدئەمین، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆ بە 964ی، وت، بڕیارەکە لە سوودی سەرجەم شۆفێرە تاکسییەکانە و تابلۆی ئۆتۆمبێلە نوێیەکە بە خۆڕایی وەردەگریت، بڕیارەکەش بە زۆرەملێ نییە و ئارەزوومەندانەیە.

وتیشی، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە فەحس و هەزە دەرناچن، دەبێت لە ناوببرێن.

لە كۆتایی مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا تاكسی نوێ تۆمار بكرێت، كە ماوەی 11 ساڵە پرۆسەكە وەستاوە، بڕیارەكە ئارەزوومەندانەیە و چەند ئاسانكارییەكیش بۆ خاوەن تاكسییەكان كراوە، ئەوانەی بیانەوێت تاكسی نوێ تۆمار بكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا