دیمەنێک لە دەروازەی قەزای شارەزوور _ وێنە: 964
چوار رۆژە بێ کارەبان
گەڕەکێکی شارەزوور بەختیان لە محاویلە نییە
بڕوا مەجید – شارەزوور
گەڕەکی بەختیاری لە قەزای شارەزوور، ماوەی چوار رۆژە محاویلەی کارەباکەیان سووتاوە و کارەبای نیشتیمانیان نییە، تا ئێستا کێشەکەیان چارەسەرنەکراوە و وەک دەڵێن بەختیان لە محاویلە نییە.
کاتیك ئەم کێشە سەری هەڵداوە، دەرکەوتووە هاوڵاتییەک سەرپێچی کردووەتە سەر محاویلەکە، تائێستاش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان سێ محاویلەیان بۆ نێردراوە.
ئوسامە ئومێد هاوڵاتییەکی گەڕەکەکەیە بۆ 964 وتی، چەند رۆژێکە محاویلەی گەڕەکەکەمان سوتاوە و کارەبای نیشتمانیمان نییە، تەنیا ئەو گەڕەکەی ئێمە وایە، زیاتر لە 20 ماڵ دەبین، جگە لەو دوکانانەی کە لەسەر ئەو محاویلەیە کارەباکەیان، لە ماڵەوە بە کارەبای مۆلیدە هەندێ ئامێری کارەبای وەک سەلاجە و موجەمیدە و جلشۆریش کار ناکات.
ئەو هۆکارە وایکردوە، ئەو ماڵانە کە کەشەکە گەرمی کردووە، خواردنیشیان بەرەو خراپ بوو بچێت، ئەو هاوڵاتییە وتی، ئەوە جگە لەوەی لەگەرما خەویشمان لێ ناکەوێت، ماڵ هەیە نەخۆشی هەیە و منداڵی بچوکی هەیە، بێ کارەبای تەواو نیگەرانی کردوون.
حاجی لوقمان، لێپرسراوی هۆبەی کارەبای شارەزوور بۆ 964 ئەوەی وت، محاویلەی ئەو گەڕەکەی چەند رۆژێکە سووتاوە، زوو ویستمان کێشەکە چارەسەر بکەین و محاویلەیەکی نوێمان بۆ دانان ئەویش سوتا، دواتر حاویلەی دووەمان دانا ئەویش چاوێکی کارەبای نەدەگەیاند بە ماڵەکان و کێشەی بۆ گەڕەکەکە دروست کرد، ناچار محاویلەکەی خۆیانمان بردووە بۆ بەشی چاکكردنەوە و چەند رۆژێکی دیکەی پێ دەچێت.
“جگە لەوەی کێشەی محاویلەکان هەیە، هاوڵاتییەکیش بە نایاسایی کارەبای لە محاویلەوە راکێشابوو، بە قسەی ئەو لێپرسراوە بێ، ئەوان پێیان زانیوە و رێکارییان لە دژی گرتووەتەبەر، بۆ چارەسەرکردنی بێ کارەبایی ئەو ماڵانەش، ئەمڕۆ محاویلەیەکی نوێمان هێناوە و وابڕیارە دابنرێت و بەدانانی کێشەی کارەبایان نامێنیت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا