کۆبونەوەى وەزارەت لە هەڵەبجە دەبێت
وەزیرى تەندروستى بەڵێن بە هەڵەبجە دەدات
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
وەزارەتى تەندروستى چەند ئامێرێکى گرنگ و پێشکەوتووى پزیشکى بۆ هەڵەبجە دابین دەکات، وەزیرى تەندروستیش لە مایکى 964ـەوە بەڵێنێک بە هەڵەبجەییەکان دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.5.2025، بەئامادەبوونی سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەنتەری هەرس و جگەری هەڵەبجە ئامێری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک(مامۆگرافی)، و ئامێری CBCTـی تایبەت بە تیشک کە یەکەمجارە لە سەنتەرێکی حکومی دادەنرێت، لە سەنتەری ددانی هەڵەبجە دانران.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی بە 964ـى وت،”بە دانانی ئەم ئامێرانە رێگای دووری نەخۆشانی سنوورەکەمان نزیک کردۆتەوە، و چیتر بۆ ئەو پشکنینانە پێویست ناکا هاوڵاتیان بچنە شارە گەورەکان، و بەڵێنیش دەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامێری قەستەرەی دڵ دابین بکەین بۆ ئەم سنوورە”.
سەبارەت بە رێکارەکانی وەزارەت بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، سامان بەرزنجی وتی،” رۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجامدەدەین، و لە ئێستەشەوە و بەهۆی نزیک بوونەوەی جەژنی قوربانەوە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەم کە بە پێی رێنمایییەکان مامەڵە لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بکرێت، و لە سەربڕخانە فەرمییەکان قوربانییەکانیان بکەن، چونکە مەترسیدارە”.
جگە لە دانانی ئەم ئامێرانە ئەمڕۆش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی تەندرووستی بۆ یەکەمجار لە هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت، کە بە بۆنەی بەپارێزگابوونی شارەکەوە، کۆبوونەوەکە هێنراوەتە هەڵەبجە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح