لە فێستیڤاڵێکی ئەسپسواریدا
لە بناری چیای کارۆخ 35 ئەسپسوار ئەسپی خۆیان تاودا
ئاکام غەفور – سۆران
لە ناو سروشتی وەرتێ ئەسپسواران ئەسپەکانیان تاودا و کۆمەڵێک نمایش و پێشبڕکێی ئەسپسواری سەرنج راکێشیان کرد.
ئەسپسواران دڵخۆشن بەم چالاکیانە و دەڵێن، کلتوری باب و باپیرانمانە، ئێمە وەک وەرزش نوێمان کردەوە.
وەلید نەجمەدین، ئەسپسوارە بە 964ـی وت، ئەسپەکەم لە جۆری دوو خوێنە، کە تێکەڵەی کوردی و عەرەبیە، لە کۆمەڵەکەی خۆم پلەی یەکەم بەدەستهێنا و لە ئاستی فێستیڤاڵەکە پلەی دووەمم بەدەست هێناوە، دڵ خۆشم کە توانیم پلەیەکی باش تۆمار بکەم.
ئەو ئەسپسوارە، پرچی ئەسپەکەی رازاندووەتەوە و بۆیکردووە بە کەزی دەڵێت، خێزانم بۆی کردووم و ئەسپسواری چێژێکی زۆر تایبەتی هەیە، دوو رۆژە ئەسپەکەم ئامادە دەکەم بۆ ئەم چالاکیە.
ئەمڕۆ لە بناری چیای کارۆخ، 35 ئەسپسوار بە چەندین چالاکی کلتوری کوردەواری و فیستیڤاڵی ئەسپسواری ساڵانەی خۆیان ئەنجامدا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی