دیمەنێكی هێزە تایبەتەكانی عێراق، فۆتۆ: ئاژانسەكان
چی دەكەن لەوێ؟
500 ئەندامی هێزە تایبەتەكانی عێراق لە پاكستانن
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی سەدان سەربازی خۆی لە پاکستان دەکات، کە چەند رۆژێكە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان ئەو وڵاتە و هیندستان دروست بووە.
بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی گەڕاندنەوەی 500 کارمەندی هێزە تایبەتەکانی عێراقی دەرکردووە، کە ئێستا بۆ مەشق و راهێنان لە پاکستانن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، ئەو هەنگاوە “لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای نێوان پاکستان و هیندستان، و لەبەر نیگەرانی سەلامەتی کارمەندانی ئەمنیی عێراق گیراوەتەبەر”.
تۆڕی سكای نیوز بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە هێرشەکانی نێوان هیندستان و پاکستان درێژەی هەبوو، هەرچەندە لە ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەكان بەردەوامن بۆ راگرتنی هێرشەكان و ئاشتەوایی، بە تایبەتی لە لایەن ئەمریكاوە.
چەند رۆژێكە شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای هەردوو وڵات دەستیپێكردووە و تا ئێستا دەیان سەرباز و هاوڵاتی لە هەردوولا كوژراون و دنیا بە نیگەرانییەوە لە هەڵكشانی گرژیییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەڕوانن.