تەمەنی 25 ساڵە

ئەربیل لە بەریتانیاوە گواسترایەوە بۆ بەلجیکا

964+

ژووری هەواڵ

قاچاخچییەکی کورد کە ماوەی نزیکەی ساڵێک لە بەریتانیا دەستگیر کراوە، رەوانەی بەلجیکا کرا و ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیاش دەڵێت، تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی دوو کۆمەڵە کۆچبەری نایاسایی لە بەلجیکاوە بۆ ئینگلتەرا.

ئاژانسەکە لە نووسراوێکدا لە ماڵپەڕی خۆی دەڵێت، تۆمەتبارەکە ناوی ئەربیل جەلیلی قادرە و تەمەنی 25 ساڵە، بەهۆی ئەوەی لە لایەن پۆلیسی بەلجیکاوە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، لە تەمموزی 2024 لە شاری پیتەربۆرۆی ئینگلتەرا دەستگیرکراوە.

ئەربیل جەلیلی قادر، ساڵی 2023 لە رێگەی بەلەمەوە چووەتە بەریتانیا و هەمان ساڵ هەوڵیداوە دوو کۆمەڵە کۆچبەر بە رێگەی قاچاخ و لەرێگەی کەشتییەوە بگوازێتەوە بۆ ئینگلتەرا.

تۆمەتبار ویستویەتی هەردوو کۆمەڵە کۆچبەرەکە لە نێو ئەو بارهەڵگرانەدا بشارێتەوە کە لە رێگەی کەشتییەوە بە نێو دەریادا دەگوازرێنەوە بۆ ئینگلتەرا، بەڵام پێش ئەوەی کۆچبەرەکان بگەنە نێو بارهەڵگرەکان و بەرەو بەریتانیا بەڕێبکەون، پۆلیسی بەلجیکا رێگریی لێکردوون.

بە گوێرەی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا، ئەربیل جەلیلی قادر ناوی خۆی لە دەزگا ئەمنییەکان شاردووەتەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکە لەرێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داتای نێو مۆبایلەکەی ناسنامەی راستەقینەیان دۆزیوەتەوە.

تۆمەتبارە کوردەکە رۆژی پێنجشەممە بە فڕۆکە گەڕێندراوەتەوە بۆ بەلجیکا و بڕیارە لە دادگەی وێست فلاندەرز لە بەلجیکا دادگایی بکرێت.

فەڕەنسا زیاتر لە چوار هەزار قاچاخچی دەستگیر کردووە

فەڕەنسا زیاتر لە چوار هەزار قاچاخچی دەستگیر کردووە