هۆکارى سروشتى بووە

 964 ساغى کردەوە؛ دوو بزنە کێوییەکەى باڵەکایەتى نەکوژراون

964+

ئاکام غەفور-سۆران

دوو رۆژە قسەو باسى سۆشیاڵ میدیا ئەوەیە کە دوو بزنى کێوى لە سنوورى باڵەکایەتى کوژراون، 964 لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی سۆران سۆراغى بۆ بابەتەکە کرد و دەرکەوت، بزنەکێویەکان بەهۆکاری سروشتی مردار بوونە و نەکوژراون.

ئەمڕۆ دوو ژینگەدۆست لە خەمی ئەو بزنەکێویانە و بۆ دڵنیابوونەوە، دوو کاتژمێر بە شاخەکان سەرکەوتن، فەرهاد قەسرەیی، بە 964ـی وت،”چومە ئەو شوێنەی بزنەکێویەکەی چیای کۆخەی لێ بوو، پشکنینی وردم بۆ کرد بەهیچ شێوەیەک شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەی نەبوو، بەڵام بەداخەوە کە بزنەکێویەکە دووگیانیش بوو”.

لای خۆیەوە هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت،”دوو بزنە کێویەکەى باڵەکایەتی نەکوژراون بەڵکو بە هۆکاری سروشتی خۆیان مردار بوونەتەوە، کە دوو گومانمان هەیە، یان لە شاخ هەڵدێراون یان بەر هەورە بروسکەی چەند رۆژی رابردوو کەوتون”.

وتیشی، بزنەکێویەکەی پڕژە هەر زوو دڵنیا بووینەوە کە بە فیشەک نەکوژراوە، بەڵام ئەوەی چیای کۆخە ئەمڕۆ دڵنیا بووینەوە کە خۆی مردار بووەتەوە.

بابەتی کوژرانی ئاژەڵە کێوییەکان لە باڵەکایەتی، بابەتێکی گەرمی ئەو چەند رۆژە بوو، بەتایبەت لە دوای کوژرانی ورچەکەی گوندی زەنگەڵین کە 6ـی ئەم مانگە لاشەکەی دۆزرایەوە، شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەی هەبوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ژینگه‌ى سۆران ره‌چه‌ڵه‌كى ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ى باڵە...

ژینگه‌ى سۆران ره‌چه‌ڵه‌كى ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ى باڵەکایەتی ئاشكرا ده‌كات