دوکەڵى سپى چییە؟
دووکەڵە سپییەکە بەرز بووەوە؛ پاپاى نوێ هەڵبژێردرا
وریا فەتاح
ڤاتیکان بەبێ ناوهێنانى، هەڵبژاردنى پاپاى نوێیان راگەیاند و دواجار دووکەڵە سپییەکە بەرز بووەوە.
کەمێک لەمەوبەر، Vatican News بڵاوى کردەوە، دووکەڵە سپییەکە بەرز بووەوە و پاپاى نوێ هەڵبژێردرا.
بەپێى هەواڵەکە بێت، 133 کاردیناڵەکە سەرکەوتوو بوون لە هەڵبژاردنى پاپاى نوێ.
ئاشکراشى کردووە، بەم زووانە لە پەنجەرەى ناوەندى بازلیکاى سانت پیتەر، پاپاى نوێ دەردەکەوێت.
رۆژى 21.4.2025، پاپا فرانسیس کۆچى دوایى کرد.
بۆچى دووکەڵى سپى؟
کاتێک پاپایەک دەمرێت یان دەستلەکار دەکێشێتەوە، حوکمڕانی کەنیسەی کاسۆلیکی دەگوازرێتەوە بۆ کۆلێژی کاردیناڵەکان، کاردیناڵەکان، قەشە و بەرپرسانی ڤاتیکانن لە هەموو جیهانەوە و لە دواى پاپا دووەم گەورەترین بەرپرسن لە ناو کەنیسەى کاسۆلیکى، ئەوانەن کە بە شێوەیەکی تایبەتى لەلایەن پاپاوە هەڵبژێردراون کە بە جلوبەرگی سووری جیاوازیان دەناسرێنەوە.
دوای بەتاڵبوونەوەی پۆستی پاپا، کاردیناڵەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ڤاتیکان ئەنجام دەدەن کە پێیان دەوترێت کۆبوونەوە گشتییەکان. باس لە پێداویستییەکان و ئەو تەحەددایانە دەکەن کە رووبەڕووی کەنیسەی کاسۆلیکی دەبێتەوە لە ئاستی جیهانیدا. هەروەها خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پاپای داهاتوو ئامادە دەکەن کە پێی دەوترێت کۆنکلەڤ.
هەڵبژاردنى پاپا یەکێکە لە هەڵبژاردنە قورس و ئاڵۆزەکان، ئەوە جگە لەوەى هەڵبژاردنەکە بەیەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانى مێژوو دادەنرێت، مێژووى یەکەم هەڵبژاردنى پاپاش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1268.
هەڵبژاردنى پاپا کارێک نییە بە سێنایى بکرێت، زۆرجار کاتێکى زۆرى دەوێت تا لەسەر پاپایەکى نوێ یەکدەنگى دروست دەبێت، لە رابردوودا هەبووە، بەهۆى ئەوەى کاردیناڵەکان نەیانتوانیوە بۆ ماوەی ساڵێک پاپاى نوێ هەڵببژێرن، ئەمەش ناڕەزایەتى لایەنگرانیانى لێکەوتووەتەوە، تەنانەت گەیشتووە بە دەرگا داخستن لێیان تا پاپایەکى نوێ هەڵدەبژێرن.
کاتێک دەچنە هەڵبژاردنەوە، رۆژانە چوار گەڕى دەنگدان ئەنجام دەدرێت تا کاندیدێک دەتوانێت دوو لەسەر سێى دەنگەکان دەباتەوە و دەبێتە کاندید.
هەڵبژاردنەکە لە رووى مافى دەنگدانەوە چەندین کۆت و بەند و مەرجى هەیە، جگە لەوەى تەنها کاردیناڵەکان دەتوانن دەنگ بدەن، لەوەشدا تەنیا کاردیناڵەکانى خوار تەمەنى 80 ساڵى ئەو مافەیان هەیە کە دەنگ بدەن.
ئەوە جگە لەوەى دەنگدان نهێنییە، لە هەمان کاتدا ئەنجامى دەنگدان بە بەرزى دەژمێردرێن و تۆمار دەکرێن.
کاتێک کاردیناڵێک دەنگی پێویستی دوو لەسەر سێی وەرگرت، راگری کۆلێژی کاردیناڵەکان لێی دەپرسێت ئایا هەڵبژاردنەکەی قبوڵ دەکەیت؟ ئەگەر قبوڵ بکات، ناوێکی پاپا بۆخۆى هەڵدەبژێرێت و پێش ئەوەى بچێتە سەر ئەو باڵکۆنەى کە پاپاکان دواى هەڵبژاردن بۆى دەچن، ئیتر دەنگەکانی خولی کۆتایی بە ماددە کیمیاییەکان دەسوتێنرێن کە دوکەڵی سپی بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەی ئاماژە بە هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ بۆ جیهان بکەن.
خۆ ئەگەر دووکەڵی رەش بەرزبووەوە ئەوا مانای ئەوەیە کە پاپا هەڵنەبژێردراوە و هەڵبژادنەکە بە ئەنجام نەگەیشتووە.
بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەى دووکەڵە سپییەکە لەسەر بانى کەنیسە، پاپا دەچێتە گۆڕەپانى سانت پیتەر و ئیتر 1.4 ملیار شوێنکەوتە دەبن بە خاوەنى پاپا.
لە دواى مردنى پاپا فرانسیس، لانیکەم دووجار دووکەڵە رەشەکە بەرز بووەوە، تا ئەم ئێوارەیە ڤاتیکان هەڵبژاردنى پاپاى نوێى راگەیاند.
زیاتر دێت…