لە ئامێدی
یەکەم قەزا لە پارێزگای دهۆک دەستی بە چاندنی برنج کرد
964+
هێڤی دێوالی-دهۆک
جوتیارانی قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستیان بە چاندنی برنج کردووە، بەڕێوەبەری کشتۆکاڵی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، ”ئەمساڵ بەهۆی کەمی بارانبارین چاندنی برنج کەمتر دەبێت”.
سنووری قەزای ئامێدی، بەتایبەت ناحیەی دێرەلوک بەناوبانگە بە برنج و رێژەی 95%ـی جوتیارکانی برنج لە گوندەکانی ناحیەکە دەچێندرێت.
حەسەن موسا، جوتیارێکی سنووری ناحیەی دێرەلۆک بە 964ی وت، “ یەکەم ناوچە بانیا چەلکی لە ناحیەی دێرەلوک لە سنووری قەزای ئامێدی چاندنی برنج لە زەویەکانی خۆمان دەستپێکردووە، ئەو برنجەی دەیچێنین لە جۆری شەش مانگییە و جۆری برنجەکە، دەنک درێژه، تا ئێستا شەش پارچە زەوی چێندراوە”.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتۆکاڵ لە پارێزگای دهۆک بە 964ی وت، “ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو چاندنی برنج لە پارێزگای دهۆک کەمتر دەبێت بەهۆی کەمی بارانبارین”.
وتیشی، لە سنووری قەزای ئامێدی ئەمساڵ وەکو ساڵانی رابردوو جوتیاران زووتر دەستیان بە چاندنی برنج کردووە.
بەهۆی ئەوەی قەزای ئامێدی دەڤەرێکی ساردە و رێژەی بارابنارین لە دەڤەرەکانی دیکە زیاترە، جوتیاران زیاتر جوری برنجی شەش مانگی دەچێنن.
بەوتەی بەڕێوەبەرەکە، ساڵانە لە سنووری قەزای ئامێدی 600 بۆ 650 دۆنم دەکرێتە برنج، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت جوتیاران کەمتر برنج بچێنن.
پێداچوونەوە: هاوبەش