"دەمزانی کچەکەم یەکەم دەبێت"
مەدالیایەک لە ملی باوکدا؛ پلەی یەکەم بۆ کچەکەى
964+
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
لەنێو یاریگای زانکۆی کۆیە، دیمەنێکی پڕ لە سۆزی کچێک و باوکی دەبێتە جێی سەرنجی ئامادەبووان. سۆلین سەعدوڵا، خوێندکاری وەرزش، کاتێک سەیری هاندەرانی کرد، باوکی بینی بە قاتێکی کوردی و جامانەوە وەک گەورەترین پاڵپشت وەستاوە و وێنەی دەگرێت.
سۆلین بە 964ی وت: “هاتنی باوکم سوپڕایز بوو، هێندەی بینینی ئەو دڵخۆش بووم، هێندە بۆ نازناوەکە نەبوو.” ئەم وزەیە وای کرد سۆلین پلەی یەکەمی تێنسی سەرمێزی زانکۆکانی کوردستان بباتەوە و بێ دوودڵی مەدالیاکەی بکاتە ملی باوکی.
سەعدوڵا حەمەد، باوکی سۆلین، دەڵێت: “دڵنیابووم یەکەم دەبێت، بۆیە هاتم لە نزیکەوە بیبینم.” ئەم باوکە کە هەمیشە پاڵپشتی منداڵەکانیەتی، بەم کارەى وێنەیەکى جوانی هاوکاری خێزانی لە نێو وەرزشدا نیشانی هەمووان دا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح