نەخۆشخانەى دەربەندیخانە لەکاتى چارەسەرى پێویست...
کەرکوک زۆرترینە
خۆڵبارین نزیکەى 500 کەسى رەوانەى نەخۆشخانە کردووە
964+
وریا فەتاح
لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا نزیکەى 500 کەس رەوانەى نەخۆشخانەکان کراون، تەنیا لە کەرکوک 207 کەس توشى تەنگەنەفەسى بوون.
497 کەس رەوانەى نەخۆشخانەکان کراون
ئەو خۆڵبارینە چڕەى دوو رۆژە لە هەرێم هەیە، دەیان کەسى تووشى تەنگەنەفەسى کردووە، ئەوانەشى نەخۆشى رەبۆ و هەناسەدانیان هەیە کەمتر لەماڵەوە دەردەکەون.
964 لە رێگەى لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامارى ئەو کەسانەى ئاشکراکردووە کە بەهۆى خۆڵبارینەوە تووشى تەنگەنەفەسى بوون و رەوانەى نەخۆشخانەکان کراون.
کەرکوک: 207 کەس
سامان یابە بەپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بۆ 964 ئاشکراى کرد، بەهۆى ئەو خۆڵبارینەى چڕەى لە دوێنێوە کەرکوکى گرتووەتەوە، تا ئەم بەیانییە 207 کەس بەهۆى تەنگەنەفەسی و تێکچوونى تەندروستییەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانى کەرکوک و قەزا و ناحیەکانى و چارەسەرى پێویستیان بۆ کراوە.
هەولێر: 20 کەس
سامان سەلمان، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى تەندروستى هەولێر بڵاوى کردەوە، بەهۆى خۆڵبارینەوە 20 حاڵەتى هەناسەتەنگى سەردانى بەشى فریاکەوتنەکانیان کردووە و چارەسەرى پێویستیان بۆکراوە.
سلێمانى: 15 کەس
هانا محەمەد، بەرپرسى فریاکەوتنى هەناوى لە نەخۆشخانەى شار بە 964ـى وت،”تا کاتژمێر 8ـى ئەم بەیانییە، 15 نەخۆش بەهۆى تەنگەنەفەسییەوە سەردانى نەخۆشخانەى شاریان کردووە، دواى چارەسەر رەوانەى ماڵەوە کرانەوە”.
هەڵەبجە: 36 کەس
بە وتەى فەرحان حەمەخان، بەرپرسى راگەیاندنى تەندروستى هەڵەبجە، تائێستا 36 کەس بەهۆى تەنگەنەفەسییەوە سەردانى فریاکەوتنیان کردووە.
ئیدارەى گەرمیان: 34 کەس
لە گەرمیانیش 34 کەس رەوانەى نەخۆشخانە کراون، بە وتەى رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار، 27 کەس لە کەلار سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە، سامان سەرتیپ بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شەهید خالید گەرمیانى لە کفرى ئاشکرایکرد لە کفرى تەنیا 7 کەس سەردانیان کردوون.
ئیدارەى راپەڕین: 37 کەس
فەرمان ئەحمەد لێپرسراوى کارگێرى نەخۆشخانەى رانیە بە 964ـى وت،” تائێستا 14 کەس لە رانیە سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە و چارەسەریان بۆکراوە.
هاوکات، ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فێرکارى قەڵادزێ بۆ 96 ئاشکراى کرد کە تائێستا 14 کەس بەهۆى خۆڵبارینەوە سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە و چارەسەریان بۆکراوە.
ئیدارەى زاخۆ: 7 کەس
ئەمیر عەلى وتەبێژى تەندروستى زاخۆ: تەنیا حەوت کەس سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە کە بەهۆى خۆڵبارینەوە توشى تەنگەنەفەسى ببون.
ئیدارەى سۆران: 65هاوڵاتى
فریاکەوتنى نەخۆشخانەى ئاشتى لە سۆران بڵاوى کردەوە، 65 هاوڵاتى لە سنوورى ئیدارەى سۆران بەهۆى خۆڵبارینەوە توشى تەنگەنەفەسى بوون و سەردانى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى ئاشتیان کردووە.
خانەقین: 8 کەس
شوان شاکر، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى خانەقین، هەشت کەس بەهۆى خۆڵبارینەوە سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە.
دەربەندیخان: 32 کەس
تەندروستى دەربەندیخان بڵاویکردەوە، تەنیا لە 24 کاتژمێرى رابردوودا 32 کەس بەهۆى کێشەى تەنگەنەفەسى و هەناسەدانەوە، سەردانیان کردوون و چارەسەرى پێویستیان بۆکراوە.
دهۆک: سفر کەس
لە دهۆک جەوەکە سافە و خۆڵبارین ئەوێى نەگرتووەتەوە.
چەمچەماڵ: 40 کەس
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ ئێوارەی دووێنى دووشەممە 5.5.2025 ئاشكرای كرد، لە چەمچەماڵ 40 هاوڵاتی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و دوای گەیاندنیان بە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ، چارەسەری و چاودێریی پێویستیان بۆ کراوە و دوای جێگیربوونی باری تەندروستیشیان، گەڕانەوە ماڵەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.