دۆسیەکەشیان بەیەکجاری داخرا
هەرسێ جوتیارەكەی سەرگەڕان بێ تاوان دەرچوون و ئازادکران
کاروان ساڵحی – کەرکوک
دوای کێشە و ئاڵۆزییەکانی مانگی شوبات لە نێوان جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان و سوپای عیراق لە گوندی شەناغە، رێگریکردن لە تۆوکردنی جوتیارانی کوردی رەسەنی شارەکە، چەند عەرەبێکی هاوردە لە دادگای دووبز سکاڵای یاساییان لە دژی سێ جوتیاری کورد تۆمار کرد بە بیانوی داگیرکردنی زەوییەکانیان، ئەمڕۆ یەكشەممە 4.5.2025 لە دوایین دانیشتنی دادگا دادوەر بڕیاری ئازادکردنی جوتیارەکان و بێ تاوانییانی دا لەسەر دۆسیەکە.
یوسف حەسەن شوانی، پارێزەری خۆبەخشی جوتیارانی سەرگەڕان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لە دادگای دووبز، توانیمان بێتاوانیی هەرسێ جوتیارەكەی گوندی شەناغەی سنووری ناحیەی سەرگەڕان بسەلمێنین.
وتیشی، هەرسێ جوتیارەكە بە فەرمانی دادوەر ئازادكران، بەو پێیەی بەڵگەی تەواو بۆ تۆمەتباركردنیان لەبەردەستدا نەبوو، بەو هۆیەشەوە دۆسیەكەیان بەیەكجاری داخرا.
محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان بۆ 964 وتی، لە راستیدا سکاڵاکەیان بێ بنەمابوو، کە لە دژی سێ جوتیار تۆمارکرابوو کە دووانیان خەڵکی گوندی شەناغە بوون و یەکێکیانیش خەڵکی گوندی سەربەشاخ بوو، تۆمەتبارکرابوون بە کڕینی ناڕەوا و داگیرکردنی زەوی عەرەبەکان، دوای پێداچوونەوە بە سەرجەم بەڵگەکان لەلایەن دادوەرەوە، دەرکەوت هیچ کارێکی نایاساییان نەکردووە، نەم هۆیەشەوە دادوەر بیتاوانی هەر سێ جوتیارەکەی کوردی سەلماند و بڕیاری ئازادکردنیدان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر