پلانی هەیە چای و خواردەمەنی بفرۆشێ
گوندنشینێک “ئەهواری کوردەواری” لە خەلیفان دروست کردووە
+964
ئاکام غەفور – سۆران
گوندنشینێکی دەستڕەنگین، لە گوندی بەورکان و سەر رووباری خەلان لە قامیش ئەهواری دروست کردووە، ئەو کارەشی بووەتە جێی سەرنجی گەشتیار و رێبوارانی رێگاکە، ئەم ئەهوارانە هەر لە شارەکانی عەمارە، ناسڕیە، بەسڕە، زیقار و میسان بینراوە، بەڵام ئێستا لە خەلیفانیش هەیە.
ئەهوارەکان لە ناو سروشتی کوردستان و لە تەنیشتی رووبارێکەوە دەورەدراون بە چیا بەرزەکان، دیمەنێکی جوانیان بە ناوچەکە بەخشیوە، خاوەنەکەشی، دەڵێت، دەیکەم بە چایخانیەکی قەشەنگ و جارێ کارەکانی تەواو نەبووە.
سەردار فەقێ ئەحمەد، گوندنشینە دەستڕەنگینەکەیە و بۆ 964 دەڵێت، ئەم ئەهوارەم لە قامیش دروست کردووە، دیزاینەکەی دروستکراوی خۆمە، مەبەستم بوو سەرنجی گەشتیاران رابکێشم و لەگەڵ سروشت و چیاکان تێکەڵاویان بکەم.
هەر وەک ئەو گوندنشینە باسی دەکات، سەرەتا کارەکەی بە سادەیی کردووە، چاوەڕێی ئەوەی نەکردووە بەم شێوەیە دەنگ بداتەوە و سەرنجڕاکێش بێت بەلای خەڵکییەوە، ئەگەرچی ئەهوارەکەی هێشتا تەواو نەبووە، پلانی هەیە بەشی ژوورەوە بە قوڕ رووپۆش بکات و کورسییەکانی بە گەچ بپۆشێ.
سەردار فەقێ، قامیشەکەی هەر لەسەر رووباری ناوچەکە دەهێنێت بۆ دروستکردنی ئەهوارەکەی، دەشڵێت، زۆر خەڵک باس لەوەدەکەن ئەمانە لە ناوچەکانی خوارووی عێراق دروست کراون، بەڵام من نەمبینیوە و خوێندەواریشم وەک پێویست نییە، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنم و بەدوای ئەوانەدا بگەڕێم.
ئەهوارەکەی سەردار، لە نزیکی پردی گەورەی خەلانە، لە سنووری قەزای خەلیفان، لەسەر رێگای گەیشتن بە دەڤەری بارزان، کە رۆژانە گەشتیارێکی زۆر بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا