وێنەی كەلوپەلە دەستبەسەردا گیراوەكان، فۆتۆ: پۆلیسی ژینگەی راپەڕین
حاجیاوا
ویستی بیر بە نایاسایی هەڵكەنێت و دەستگیر كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی ژینگە و دارستانی راپەڕین رایگەیاند، كابرایەكیان گرتووە بەنیاز بووە بیر بە شێوەی نایاسایی لێبدات، بۆیە خۆی دەزگا و كۆمەڵێك كەلوپەلی بیرهەڵكەندنی دەستیان بەسەردا گیراوە.
پۆلیسی ژینگە و دارستانی راپەڕین دەڵێت، مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتییەكان لە بەشی جوڵانەوە بە هاوبەشی ئەفسەری ئیشکگر و بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی حاجیاوا، لە ئەنجامی وەرگرتنی زانیاری و گەڕان و پشکنین دەرچوون بۆ سنووری کفرە دۆڵ، رۆژی هەینی تۆمەتبارێكیان دەستگیر کرد، كە بە نیاز بوو بیری ئاو بە نایاسایی لێبدات.
سەرچاوەكە دەڵێت، هەروەها دەستیان بەسەر ئەو كەلوپەلانەشدا گرتووە، “1 دەزگای بیرهەڵکەندن لە جۆری دڕێڵ، 24 شەفت، 1 مۆلیدەی كارەبا، بۆرد وغەتاسیکی ئاو”.
پۆلیسی ژینگە و دارستانی راپەڕین چالاكییەكی دیكەشی هەبووە و دەڵێن، لە لایەن بازگەی ئاسایشی قەمتەران هاوڵاتییەكیان دەستگیر كردووە، كە بارێك داری هێناوە و رادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی چوارقورنەیان كردووە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخستووە.