سودانى دڵخۆشە پێى

بەغدا ئامادەیە ماڵەکەى بۆ دانوستانى ئەمریکا و ئێران بڕازێنێتەوە

شۆڕش قادری

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، سەرکەوتنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران کاریگەری ئەرێنی لەسەر وڵاتەکی دەبێت و ئامادەشن میوانداری خولی چوارەمی ئەو گفتوگۆیانە بکەن.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی حکومەتەکەی وتی، “بۆ لەمەودوا عێراق تەنیا میوانداری کۆنفڕانس و دانیشتنەکانی وڵاتانی ناوچە ناکات، بەڵکۆ رێگەچارە بۆ قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتەڕوو”.

سودانی بە ئاماژە پێدان بە پەیوەندی پتەوی عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران، دانوستانەکانی نێوانیانی بە دەرفەتێکی گرنگ زانی و تەئکیدیشی کردەوە کە سەرکەوتنی ئەو گفتوگۆیانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆڵی عێراق لە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نموونەیەکی سەرکەوتووە، بۆیە بەغدا ئامادەیە میوانداری خولی چوارەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران بکات.

لەماوەی رابردوودا سێ جار نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عوممان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و رێککەوتنی نوێ کۆبوونەتەوە، هەرچەندە بڕیاربوو گەڕی چوارەمی دانوستانەکان سبەی شەممە 3.5.2025 لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، بەڵام دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عوممان رایگەیاند، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواکەوتووە.