کێشەی حکومەت و بانکی TBI بە کوێ گەیشتووە؟

عەزیز ئەحمەد: بانکەکە زیانی بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە

+964

ژووری هەواڵ
 
–       نیگەرانییەکانی سەر بانکی (تی بی ئای) لە ئاستێکی وادان کە ئیدی چاوپۆشی لێ ناکرێت.
–       دواخستنی دانانی ئامێرەکانی بانکی (تی بی ئای) و نەگەیاندنەوەی کارتی بانکیی فەرمانبەرانی هەرێم کاریگەری کردۆتە سەر خێرایی پڕۆسەی بە بانکیکردن.
–       ئاستی پەیوەندی و مامەڵەکردنی بانکی (تی بی ئای) وەک پێویست نەبووە و بەدەم چارەسەرکردنی كێشەکاندا نەهاتوون.
–       نەبوونی ئەنجامێکی ئەرێنی وایکردووە لەبەردەم رای گشتی نیگەرانییەکان بخەینەڕوو بەوپەڕی شەفافیەتەوە.

ئەم دێڕانە خوڵاسەی قسەی گەورە بەرپرسێکە لە تیمی (هەژماری من) بۆ 964، لەوە دەچێت ئیتر حکومەتی هەرێم تەواو نیگەران بێت لەو ”خەمساردی”یەی بانکە بەناوبانگەکەی عێراق.

رۆژی 8ی ئایاری 2024 وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند کە بانکی (TBI) بووەتە یەکێک لە بانکە بەشدارەکانی هەژماری من، لە راگەیەندراوەکەی ئەو کاتی وەزارەتی داراییدا هاتووە ”بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات”.

بەڵام ئەم خۆشحاڵییە زۆری نەخایاند، چەندجارێک دەنگوباسی ئەوە هەبوو کە حکومەت لە مامەڵەی بانکە عێراقییەکە ناڕازییە، تا ئەوەی دوێنێ یەکێک لە قسە رۆیشتووانی نوسینگەی سەرۆکی حکومەت هەموو شتێکی وت.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر تۆڕی ئێکس نوسیبووی: ” نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە کە بانکی TBI پابەند نەبووە بە دانانی ئامێرەکانی راکێشانیی پارە.. بەر لە ساڵێک سەرۆکی بانکی TBI بەڵێنیدا 100 ئامێری راکێشانی پارە دابنێ دوای ئەوەی بووە یەکێک لە بانکەکانی هەژماری من، سەرەڕای ئەوەی 40 هەزار داواکاری (هەژماری من)ی فەرمانبەرانی هەرێم لای ئەو بانکەیە بەڵام تائێستا فەرمانی کڕی ئامێرەکان دەرنەچووەو هەروەها چاپی کارتی هەژماری من دواکەوتووە”.

ئەوەشی نوسیبوو کە ئەوان لای بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق سکاڵایان لە بانکەکە کردووە.

دوێنێ زوو 964 شوێن ئەم هەواڵە کەوت و بڵاوی کردەوە، بەڵام ژووری هەواڵ پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاتر بوو، ئاخۆ چۆنە بۆ یەکەمجار ئاوا حکومەت دان بەم کێشەیەدا دەنێت، بۆیە دوو پرسیارمان ئاڕاستەی جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەت کرد:
 
–       یەکەمجارە بەم روونییە نیگەرانییەکانتان لەسەر بانکێکی هەژماری من دەرببڕن، هۆکاری چییەو بۆ گەیشتنە ئەمە؟
–       چەند جار هەبوو بەشێک لە بانکەکانی هەژماری من تووشی ئاستەنگ بوون یا ئامێرەکان بۆ ماوەی زۆر وەستاون (نموونەی ئاڕتی بانک لە سلێمانی) بەڵام کەمتر ئەم نیگەرانیانەتان راگەیاندووە.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە هەر خۆیشی سەرپەرشتیاری تیمی هەژماری من دەکات، بەم جۆرە وەڵامی 964ی دایەوە:

–       ڕاستە، ئەمە یەکەمین جارە کەوا لەبەردەم ڕای گشتی نیگەرانییەکانی خۆمان لەبارەی بانکێکی دیاریکراوی نێو هەژماری من دەخەینە ڕوو کە بانکی (تی بی ئای)ــە، بەڵام ئەو ئاستەنگییەی پێشتر ڕووبەرووی بانکەکانی تر دەبوونەوە گشتی چارەسەردەکران (بۆ نموونە: لەکارکەوتنی ئامێرێکی ئەی تی ئێم بۆ ماوەیەکی کاتی)، بەڵام  نیگەرانییەکانی سەر بانکی (تی بی ئای) لە ئاستێکی وادان کە ئیدی چاوپۆشی لێناکرێت.

–       لەکاتێکدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەزووترین کات پڕۆسەی بەبانکیکردن تەواوبکات، دواخستنی دانانی ئامێرەکانی بانکی تی بی ئای (کە زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕێی دانانیان دەکرێت) و نەگەیاندنەوەی کارتی بانکیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن (تی بی ئای) کاریگەری کردۆتە سەر خێرایی پڕۆسەی بە بانکیکردن و زیانی بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

–       حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار لەڕێگەی نووسراوی فەرمییەوە نیگەرانییەکانی خۆمانمان خسۆتە بەردەم بانکەکە و کۆپی ئەم نووسراوەنەشی بەردەوام بۆ بانکی ناوەندی و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق محمد شیاع سوودانی ناردووە. سەرەڕای ئەم هەوڵانەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئاستێکی باڵای بانکەکە، ئاستی پەیوەندی و مامەڵەکردنی بانکی (تی بی ئای) وەک پێویست نەبووە و بەدەم چارەسەرکردنی كێشەکاندا نەهاتوون.

–       نەبوونی ئەنجامێکی ئەرێنی ئەم هەنگاوانەی سەرەوەشە کە وایکردووە لەبەردەم ڕای گشتی نیگەرانییەکان بخەینەڕوو بەوپەڕی شەفافیەتەوە.