لۆگۆی ژووری بازرگانیی هەولێر
هەموو شتێك لەسەر خاوەن ماڵە
بازرگانانی هەولێر داوەتی پێشانگای نێودەوڵەتی غازی عەنتابن
ئەرسەلان عەبدوڵا
پێشانگایەكی خۆراک لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری غازی عەنتاب لە تورکیا دەكرێتەوە، بازرگان و خاوەن كارانی هەولێریش دەتوانن بەشداربن و تەنانەت خەرجی مانەوە و هاتوچۆشیان لە ئەستۆی پێشانگەكە دەبێت.
كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 30.4.2025 بە 964ی راگەیاند، پێشانگەكەی غازی عەنتاب بۆ خۆراكە و لە رۆژانی 7 تا 9.5.2025 بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، وەك ژوور بازرگانیی هەولێر ئاگاداری بازرگانان، خاوەن کۆمپانیا و خاوەنکارانی ئەندام لە ژوورەکەمان (لە هەمان سێکتەری پێشانگا) دەکەینەوە، ئەوانەی خوازیارن بەشداربن لەم پێشانگایە، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بەشی پەیوەندیەکان بکەن بۆ ئەوەی كارئاسانییان بۆ بكەین.
“رێکخستنی گەشتی چوون و گەڕانەوە، مانەوەی سێ رۆژ لە هۆتێل و خزمەتگوزاری گواستنەوە بۆ پێشانگا و گەڕانەوە، هەمووی لەسەر ئەستۆی رێکخەری پێشانگاکە دەبێت”، كامەران محەمەد ساڵح وای وت.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، دوایین کات بۆ پێشکەشکردنی داواكاری رۆژی 4.5.2025 دەبێت.
پەیوەندییە بارزگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیا لە برەوپێدانی بەردەوامدایە، ئەمڕۆ لە بەغداش دووەم رۆژی دیداری بازرگانانی بیناسازیی عێراق و توركیا بەڕێوەدەچێت.
هەروەها لە رۆژانی رابردوو کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بەشداری لە کۆڕبەندی پالادیۆمی ئابووری كرد لە شاری ئەرزەڕومی توركیا.
بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەكان، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا 15 ملیار دۆلار بوو لە ساڵی 2024.