پسپۆر و شارەزایەکی دراو بۆ 964
بە دابەزین تێمەکەون و دۆلارەکانتان مەگۆڕنەوە
964+
توانا نەقی
چەند رۆژێکە تا دێت بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دادەبەزێت و هاوڵاتیانیش تیاماون ئەوەی دۆلاری هەیە بیگۆڕێتەوە بە دینار یان بە پێچەوانەوە، شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت دەستکاری نەکەن باشە.
بە نرخی بازاڕی هەولێر بۆ ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بووە بە 144500 دیناری عێراقی.
کامەران قادر، دکتۆرا و پسپۆری بواری دراو بە 964ـی وت، ئەسڵەن دۆلار بەهاکەی لە عێراق دانەبەزیوە چونکە بانکی ناوەندی دۆلاری بە 132 هەزار دینار قبوڵ کردووە کەچی ئێستا لە سەروو 140 هەزار دینارە هەرکات هاتە ئەو نرخەی بانکی ناوەندی ئەو کاتە دەتوانرێت بڵێی بەهای دابەزیوە.
وتیشی، ئێستا ئەمریکا دەستی بۆ عێرق شل کردووە دۆلاری دەداتێ بەس پڕ بە دڵی عێراق نا بەهۆی سەرقاڵی خۆی بەبازرگانی و کێشەکانی چین ناپەرژێتە سەر عێراق بۆیە دۆلار بەرامبەر دینار هاتووەتە ئەو ئاستە.
نرخی دۆلار دابەزی و پێشبینیی دەكرێت زیاتر دابەزێت
خەڵک دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بە دینار یاخود نا؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دکتۆر کامەران دەڵێت، “من بۆخۆم نەک 145 هەزار ببێتە 130 هەزاریش دۆلار ناگۆڕمەوە بە دینار، رێنمایی ئەوەش دەکات کە دەستکاری دۆلارەکانتان مەکەن چونکە کاڵا و شەمەک هەرزان دەبێت بۆیە هیچ پێویست ناکات دۆلار بگۆڕنەوە بە دینار”.
ئەمریکا و بەتایبەت دۆناڵ ترامپ ئەگەر سەرقاڵییەکەی ئێستای نەمێنێت و بکەوێتەوە حەق و حساب لەگەڵ عێراق ئەوە بایی ئەوەندە سزای دەدات کە جارێکی دیکە دۆلار بەرامبەر دینار بفڕێت و بەم نرخەی ئێستا نەمێنێتەوە، کامەران قادر وای وت.
بەجۆرێکی دیکە روونیکردەوە، نرخی نەوت یەکێکی دیکەیە لەو بیانوانەی وادەکات دەستکاری دۆلارەکانتان نەکەن، چونکە ئێستا برێنتی ئەمریکی بە نزیکەی 65 دۆلارە کەچی عێڕاق بە 70 دۆلار دایناوە لە موازنەی خۆی، ئەی ئەگەر هاتە 40 دۆلار خۆ عێراق زیانێکی زۆر دەکات و بەهای دینارەکەشی لەدەست دەدات.