“کات بگەڕێتەوە توخنی هونەر ناکەوم”

پیاوە زێڕینەکە دڵی شکاوە و حەریرەش بە کەڵکی نەهات

+964
دیلان محەمەد- سلێمانی

ئەی حەریرە وەی حەریرە و ئاگربارانە، داخەکەم حەریرە تەمەنی برد و هیچی پێنەبەخشی، زەمانە دەنگی سەڵاح مەجیدی لەبیری کردووە و چاوێکیشی لێسەندووەتەوە، بە زەردەخەنەیەکی تاڵیشەوە دەڕوانێ و دەڵێ؛ کات بگەڕێتەوە توخنی هونەر ناکەوم.

سەڵاح مەجید نەخۆشی و تەمەن تەواو ماندووی کردووە، لە گۆشەیەکی بێدەنگدا ئێستا گوێ لە دەنگەکانی ئەو شارە دەگرێ، کە رۆژگارێک بە دەنگی خۆی هۆنراوەکانی لەگەڵ ئاوازەکان چڕیوە، 964 لە نزیکەوە سەردانی کرد، تا لە زاریی خۆیەوە چیرۆکە پڕ لە نەهامەتییەکەی بزانێ و پێی وتین، بژێویم خراپە و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتم نییە، بە خەویش بیرم نەکردووە بەوجۆرە فەرامۆش بکرێم.

وەک دەڵێن، هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە، ئەمە پڕاوپڕ بە ژیانی سەڵاح مەجیدە و لە دۆخێکدایە پارچە شکاوەکانی مێلۆدییەکانی دەژەنێت، کە تەنیا خۆی لەبیریەتی و دەشڵێت، کات بگەڕێتەوە هەرگیز توخنی هونەر ناکەوم، هونەر تەمەنی بردم.

لەم هەموو ئازار و خەمەی هونەرمەندان، تەنیا جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە میللییەکان لە خەمی ئەم کەڵە هونەرمەندانەیە و پێی وتین، هونەرمەندان تا لە ژیاندان فەرامۆش دەکرێن، دوایی شەڕە لەسەر ئەوەی کێ پەیکەری بۆ دروست بکات.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح