لەبەر دار پرتەقاڵێک دیزاینی ماڵەکەی تێکدا و نەیهێشت بیبڕنەوە - وێنە: د. حەسەن یوسف بەڕێوەبەری پەیمانگای نابینایانی هەولێر
"پاراستنی ژینگە پێش هەموو شتێک"
لەبەر دار پرتەقاڵێک دیزاینی ماڵەکەی تێکدا و نەیهێشت بیبڕنەوە
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەری پەیمانگای نابینایانی هەولێر لەبەر خاتری دار پرتەقاڵێک، دیزاینی ماڵەکەی تێکدا و بەتێچوویەکی زیاتر دروستی کردەوە.
د. حەسەن یوسف بەڕێوەبەری پەیمانگای نابینایانی هەولێر و دانیشتووی کۆمەڵگای شاوێس بە 964ـی وت، “خانووەکەم ساڵی 1974 دروستکرابوو و کۆن بوو، ویستم تێکی بدەم و چاکی بکەمەوە، دوو تیمی تێکدانی خانووم هێنا کە خانووە کۆنەکە بڕوخێنن، بەڵام دارپڕتەقاڵێک کە لەلای راستی خانووەکەم بوو، رێگای گرتبوو و ئەو دوو تیمە دەیانوت تا ئەو دارە نەبڕدرێتەوە، ئێمە کارمان بۆ ناکرێ”.
وتیشی، رازی نەبووە بەو کارە و لە دواجاردا تیمێکی دیکەی هێناوە بۆ تێکدانی خانووەکە کە پارەیەکی زۆرتریان لێوەرگرتووە لەبەر ئەوەی ئامێری باشتریان پێبووە.
“لە کاتی دروستکردنەوەی خانووەکەش، ئەندازیارەکان پێیانوتم کە دار پرتەقاڵەکە هەر دەبێ ببڕدرێتەوە، چونکە بەپێی شێوەی ئەندازەیی، ئەو شوێنە شوێنی گەراجە و نابێت گەراج لەلای چەپی خانووەکەدا بێ، بەوەش رازی نەبووم و وتم، کێشە نییە با دیزاینی خانووەکەم تێکبچێ، بەڵام دارەکە نابڕمەوە”، د. حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕای ئەو پاراستنی ژینگە لەپێش هەموو شتێکەوەیە و ساڵی 2014ـش نەیهێشتووە، دار توویەک لەناو حەوشەی پەیمانگای رووناکی نابینایانی هەولێر ببڕدرێتەوە.